دوو دەزگای نێودەوڵەتی رێبەری جینۆسایدەکانی کوردستانیان بە زمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردەوە

28-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
بەرگی کتێبەکە
بەرگی کتێبەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو دەزگای نێودەوڵەتیی پاڵگرەیڤ مکمیلن و سپرینگەر، کە بەرهەمەکانیان لە 50 وڵاتی جیهاندا بڵاودەبنەوە، کتێبێک وەک رێبەری جینۆسایدی کورد بەشێوەی کتێب و بە ئۆنڵاین بڵاودەکەنەوە.
 
ناوەڕۆکی کتێبەکە باسی جینۆسایدەکانی کوردستان، واتە ئەنفال، جینۆسایدی بارزانییەکان، فەیلییەکان، کیمیابارانی هەڵەبجە، جینۆسایدی ئێزدییان و چەندین جینۆسایدی دیکەی دژی کورد لەلایەن دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا دەکات و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کراوە.
 
ئەو کتێبە لە 25 بەش پێکهاتووە، 29 پسپۆڕ و ئەکادمیست بەشدارییان لە نووسینی لێکۆڵینەوەکاندا کردووە.
 
د. کازیوە ساڵح، نووسەر و ئەکادیمیستی کورد کە لە کەنەدا نیشتەجێیە و وەک سەرنووسەر و سەرپەرشتیی تەواوی پرۆژەکەی کردووە، میوانی دیاسپۆرا بوو، لەو بارەیەوە راگەیاند، ئەم بەرهەمە تەنیا کتێبێکی ئاسایی نییە، بەڵکو "رێبەرە و لە ساڵانی رابردوودا کتێبی باش نووسراون، بەڵام جیاوازیی رێبەر لەگەڵ کتێبی تاکەکەسی ئەوەیە کە کۆمەڵێک بۆشایی گەورەی مێژوویی، ئەکادیمی و سیاسی پڕدەکاتەوە کە لە توانای کتێبێکی تاکەکەسیدا نییە، ئەم رێبەرە تێڕوانینە جیاوازەکانی پسپۆڕان کۆدەکاتەوە و هەبوونی رێبەرێکی وا بۆ نەتەوەیەک، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بونیادنانی نیشتمانی و نەتەوەیی."
 
سەبارەت بەوەی چۆن بیرۆکەی کارێکی وا گەورە لەدایکبوو، د. کازیوە چیرۆکێکی ساڵی 2003ی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، "ئەو کاتە نامەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەگۆڕییەوە بۆئەوەی دان بە جینۆسایدی کورددا بنێن، ماوەی چەند هەفتەیەک بەدوای کتێبێکدا دەگەڕام کە بتوانێت بە شێوەیەکی گشتگیر باسی کێشە و جینۆسایدەکانی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانی کردبێت تاوەکو لەگەڵ نامەکەدا بۆی بنێرم و پێی بڵێم (ئەمە بخوێنەرەوە ئینجا بڕیار بدە)، بەڵام بەداخەوە کتێبێکی وام دەستنەکەوت." بۆیە لەو کاتەوە، ئەو خەونەی لادروست دەبێت کە رۆژێک دێت خۆی ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە.
 
سەرنووسەری کتێبەکە ئاماژەی بە سەختیی پرۆسەی بڵاوکردنەوەکە کرد، بەتایبەت کە مامەڵە لەگەڵ دەزگایەکی وەک پاڵگرەیڤ دەکەن کە لە ساڵی 1843ـەوە کتێبی ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە و پێوەرەکانیان زۆر ورد و تووندن.
 
د. کازیوە روونیکردەوە، قەناعەتپێکردنی دەزگایەکی وا بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتێکی پەیوەست بە کورد، کارێکی ئاسان نەبوو، پێویستی بە چەمکسازی، پلاندانانی ورد و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان هەبوو، وەک سەرنووسەر دەبوایە توانای هەڵسەنگاندنی تەواوی بابەتەکانم هەبێت و سڵ نەکەمەوە لە رەتکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە لەگەڵ ستانداردەکان یەکنەدەگرنەوە، یان رێنماییکردنی نووسەرەکان بۆ ئەوەی هەموویان لەسەر یەک ستراکچەر بنووسن."
 
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کتێبەکە، کاریگەری دانانە لەسەر ناوەندە سیاسییەکانی جیهان. د. کازیوە ئاشکرایکرد کە داوای کردووە کتێبەکە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی مانگی 12 بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو کۆمەڵگەی کوردی و لۆبیستەکان بتوانن وەک دیاری و بەڵگەنامە پێشکەشی سیاسەتمەداران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بکەن.
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە لە کۆی بەشداریکردنی لە کۆنفرانس لە 25 وڵاتی جیهان، تەنیا لە دوو وڵاتدا کوردی بینیوە باسی جینۆسایدی خۆی بکات، بۆیە لەم کتێبەدا هەوڵیداوە دەنگی ئەکادیمیستە کوردەکان زاڵ بێت و چیتر خەڵکی بیانی بە تەنیا باسی دۆزی کورد نەکەن.
 
جگە لە ئەرکی سەرپەرشتیکردن و داڕشتنەوەی کتێبەکە، د. کازیوە ساڵح خۆی بە نووسینی پێشەکی و بەشی کۆتایی دەرئەنجام بەشداریی کردووە، هەروەها دوو توێژینەوەی وردی تایبەتیشی لەناو کتێبەکەدا نووسیوە کە بریتین لە بەشەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی بارزانییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە