ترەمپ بە ژنە رۆژنامەڤانێک دەڵێت 'گەمژە'

28-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر میدیاکان و لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەڤانان، بە پەیامنێرێکی ژنی گوت: "گەمژە". ئەم رووداوە نوێترین نموونەی ئەو سووکایەتیانەیە کە ترەمپ بەرامبەر ژنانی میدیاکار دەیکات، بەتایبەتی کاتێک رووبەڕووی پرسیاری رەخنەگرانە دەبێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا، کە لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆ لە فلۆریدا بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی وردبینیی ئەمنیی ئەو ئەفغانیانەی کە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێنراونەتە وڵاتەکە، قسەکانی بە پەیامنێرەکە بڕی و بە تووڕەییەوە پرسی: "تۆ گەمژەیت؟ بەڕاستی تۆ کەسێکی گەمژەیت؟"
 
گرژییەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە، دوو سەربازی پاسەوانی نیشتمانی لە نزیک کۆشکی سپی تەقەیان لێکرا. بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، گومانلێکراوی رووداوەکە هاووڵاتییەکی ئەفغانی بووە، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021، گەیێندرابووە ئەمریکا.
 
پەیامنێرەکە پرسیاری لە ترەمپ کرد کە بۆچی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە تەنیا بە بەرپرسیار دەزانێت لەم کەلێنە ئەمنییە، لە کاتێکدا هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەکەی خۆی پێشتر رایانگەیاندبوو کە پرۆسەی وردبینیی تەواو و تووند بۆ ئەو ئەفغانیانە کراوە کە لە وڵاتەکەدا نیشتەجێکراون.
 
دۆناڵد ترەمپ، بە تووڕەیی وەڵامی دایەوە و وێنەیەکی بەناوبانگی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکای بەرزکردەوە کە پڕ بوو لەو هاووڵاتییە ئەفغانیانەی لەکاتی گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە فڕۆکەخانەی کابول هەڵدەهاتن و گوتی: "چونکە ئەوان رێگەیان پێدان بێنە ژوورەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی قسەکانی دا گوتیشی: ئەوان "لەگەڵ هەزاران کەسی دیکەدا هاتوونەتە ئێرە کە هەرگیز نەدەبوو لێرە بن، تۆش تەنیا پرسیارێکی لەم شێوەیە دەکەیت چونکە کەسێکی گەمژەیت."
 
بەکارهێنانی زمانی زبر و سووکایەتیکردن بووەتە نیشانەیەکی دیاری سیاسەتکردنی ترەمپ، بەڵام وا دەردەکەوێت کە سەرۆکی ئەمریکا تووڕەییەکی تایبەتی بەرامبەر پەیامنێرە ژنەکان هەبێت. بۆ نموونە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، تووڕەیی خۆی بەرامبەر راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەربڕی کە تیشکی خستبووە سەر تەمەنی و نیشانە زیادبووەکانی ماندووبوونی، و نووسەری ژنی راپۆرتەکەی بە "ناشرین" ناوبرد.
 
هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لە دوو بۆنەی جیاوازدا، رۆژنامەڤانێکی ژنی بە "بەراز" و یەکێکی دیکەی بە "کەسێکی خراپ" ناوبرد، کە ئەمەش رەخنەی زۆری لێکەوتەوە لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ میدیادا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە