لە هێرشێکی چەکداریدا لە نایجیریا 200 کەس کوژران

28-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چەند گرووپێکی چەکدار لە نایجیریا هێرشیان کردە سەر چەند گوند و کۆمەڵگەیەک و بەو هۆیەوە "تائێستا 200 کەس کوژراون." بەرپرسانی حکومی دەڵێن، تائێستا دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییان هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 27-12-2023 بەرپرسانی حکومەتی نایجیریا بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆ سەر چەند گوندێک، 200 کەس کوژراون.
 
مەندەی کەساح، سەرۆکی حکومەتی خۆجێیی بۆکۆس لە ویلایەتی پلاتۆ لە نایجیریا رایگەیاند، "هێرشەکان لە شەوی شەممە لە ویلایەتی پلاتۆ دەستیان پێکرد و ترسی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکان هەیە، چونکە چەند کەسێک بێسەروشوێنن. 500 کەس بریندارن و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون."
 
کەساح هەروەها گوتی، "ئەو گرووپە چەکدارانە هێرشیان کردووەتە سەر 17 گوند و کۆمەڵگە و خانووەکانیان سووتاندوون."
 
کاڵب موفتوانگ، پارێزگاری پلاتۆ گوتی، "کریسمسێکی خوێناوی و ترسناکمان بەڕێکردووە. هێرشەکان بۆ سەر ئەو گوندانەیە کە زۆرینە کریستیانن. هێرشەکان وەحشیگەرانە و دڕندانەن."
 
لەبارەی هۆکاری هێرشەکانەوە، بەرپرسەکان دەڵێن، "چەندین ساڵە گرووپە چەکدارەکان، کە هەندێکیان ناویان لە خۆیان ناوە رێگرەکان، لە باکوور و نێوەڕاستی وڵاتەکە باڵادەستن و هێرش دەکەنە سەر گوندەکان، خەڵک دەڕفێنن بۆ وەرگرتنی پارە و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و خواردنیان لێ وەردەگرن. کێشەی زۆریش لەنێوان جووتیار و مەڕدارە کۆچەرییەکان هەیە، ئەمەش جگە لە کێشەی نێوان موسڵمان و مەسیحییەکانی ئەو ناوچەیە."
 
عیسا سانووسی، سەرۆکی لقی نایجیریای رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، "حکومەت نەیتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و ئاسایشی خەڵکەکە بپارێزێت. هەندێک جار دەڵێن چەکداریان دەستگیر کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان پیشان نەداوە ئەوە بسەلمێنێت."
 
بۆلا تینوبو، سەرۆکی نایجیریا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکە کردووە لێکۆڵینەوەی ورد و بەپەلە بکرێت و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت.
 
عەبدولسەلام ئەبوبەکر، فەرماندەی تایبەتی سوپای نایجیریا لە پلاتۆ گوتی، "هێزەکانمان پشوو نادەن تاوەکو بکەرانی ئەو هێرشانە نەدۆزنەوە."
 
میدیای وڵاتەکە دەڵێت، "هەرچەندە زۆربەی ئاماژەکان بۆ مەڕدارەکانی هۆزی فولانییە، کە لەپشت ئەو کۆمەڵکوژییە بن کە بۆ دەستکەوتنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو ناوچەیە لە شەڕدان، بەڵام تائێستا هیچ هۆز یان گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆیان رانەگەیاندووە."
 
سەندەی داوم، خەڵکی یەکێک لەو گوندانەیە کە هێرش کراوەتە سەریان، گوتی، "کاژێر 06:00ی ئێوارە هەڵیانکوتایە سەرمان و تەلەفۆنم بۆ پۆلیس کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان کاژێر 07:00ی بەیانی گەیشتن، ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 27 کەس لە گوندەکەمان کوژران."
 
کێشەی ئایین یەکێکی دیکەیە لە سەرئێشەکانی حکومەتی نایجیریا، گرووپی بۆکۆ حەرام لە ساڵی 2009 خۆی وەکو گرووپێکی "جیهادی" ناساند و شەڕی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی دوو ملیۆن کەس.
 
کۆماری فیدراڵیی نایجیریا دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەی بە زمانی جیاواز قسە دەکەن. نزیکەی 525 زمانی جیاواز لەو وڵاتە قسەیان پێدەکرێت، لەوانەش عەرەبی و فەرەنسی، زمانی سەرەکیش ئینگلیزییە.
 
230 ملیۆن و 842 هەزار کەس لە نایجیریا دەژین و بەسەر چەند نەتەوەیەکدا دابەشبوونە لەوانەش: هاوسا 30%، یۆروبا 15.5%، ئیگبۆ 15.2%، فولانی 6% و تیڤ 2.4%.
 
بەگوێرەی سەرژمێرییەکی ناوەندی توێژینەوەی پیو، 49.3%ی دانیشتووانی نایجیریا کریستیانن و 48.8%ی خەڵکەکەی موسڵمانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.