رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا نوێترین راپۆرتی خۆی پێشکێشی کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، لە رابردوودا وەکو وەڵام بۆ هێرش و هەڕەشەکان بە فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند دامەزراوەیەک لە عێراق و سووریا کە "نزیکن لە سوپای پاسدارانی ئێران."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاند، "چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر کارمەند و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لەوانەش هێرشی سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بووەتە هۆی برینداربوونی کارمەند و دروستکردنی هەڕەشەی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی هەموو سەرباز و هێزەکانی هاوپەیمانان."
بایدن لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، شەوی 25-12-2023، "بە فەرمانی من، هێزە ئەمریکییەکان چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەک لە عێراق کە سەر بە ئێران بوون بۆ راهێنان، پاڵپشتیی لۆجیستی و چەند مەبەستێکی دیکە بەکاردەهێنران."
بە گوێرەی راپۆرتەکەی بایدن، ئەو هێرشانە بۆ راگرتنی هەڕەشەکانی داهاتوو کراون کە دەکرێنە سەر بنکە و سەربازانی ئەمریکی. هەروەها بایدن دەڵێت، "من ئەو فەرمانەم وەک بەرپرسیارێتییەکی سەر شانی خۆم داوە کە دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی چ لە ئەمریکا یان دەرەوەی ئەمریکا بپارێزم."
لەبارەی ئەو هێرشەی کە بایدن لە نامەکەی ئاماژەی پێداوە، رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا لە حلەی ناوەندی پارێزگای بابل کوژراوە."
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 کەسی دیکە کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون.
پێشتر بەرپرسانی سوپای ئەمریکا رایانگەیاند، لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکە و بارەگاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا.
بە گوتەی مایکڵ کوریلا، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
حکومەتی عێراق بەو هێرشەی ئەمریکا نیگەرانبوو، نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سوودانی رایگەیاند، "سەرکۆنەى هێرشەکە دەکەین، کە تێیدا پێگەى سەربازیى عێراقى کراوەتە ئامانج و ئەوەى روویدا کارێکى دوژمنکارانەى روونە و لە بەرژەوەندیى رێچکەى بەرژەوەندیى هاوبەشى درێژخایەن نییە بۆ هێنانە کایەى ئارامى و سەقامگیرى."
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو بۆردوومانانەى سوپاى ئەمریکا زیان بە پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت و رێگەى گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەڕێگەى دیالۆگى هاوبەشەوە، ئاڵۆز دەکات.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، "حکومەت لە رێگەى هێزە ئەمنییەکانی و دامەزراوە دەستووری و دەسەڵاتە یاساییەکانەوە بەرامبەر بەو کەسانە دەوەستێتەوە، کە هێرش دەکەنە سەر بارەگاى نێردە دیپلۆماسیە بیانییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ