رووداو دیجیتاڵ
نیکی هەیلی، رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ بوون بە بەربژێری پارتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن دەڵێت، "دوای 160 هێرش بۆ سەر پیاوان و ژنانمان لە سوپا، ئەمە جێگەی شەرمەزارییە."
هەیلی لە شاری کۆنوەی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لەبەردەم لایەنگرانیدا رەخنەی لە جۆ بایدن گرت و گوتی، "ئەو [جۆ بایدن] هیچی نەکردووە. بایدن دەبێت سزا بخاتەوە سەری [ئێران] و بوەستێت لەو مامەڵایەی لەگەڵ ئێران دەیکات کە هیچ یارمەتییەکی ئێمە نادات."
رکابەرەکەی ترەمپ داوا دەکات بایدن "هێزی ئەمریکا پیشان بدات".
لە کاتی قسەکانی هەیلی، یەکێک لە لایەنگرەکان هەستایە سەرپێ و هاواری کرد، "نەخێر بۆ شەڕی نوێ". خانمە بەربژێرەکە گوتی، "هیچ کەسێک شەڕێکی دیکەی ناوێت".
رۆژی 28-1-2024، کۆشکی سپی لە زاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، سێ سەربازیان کوژراون و چەندینی دیکە برینداربوون.
جۆ بایدن رایگەیاند کە ئەوان وەڵامیان دەبێت، بەڵام خۆیان کات و شێوازەکەی دیاری دەکەن. بایدن هەروەها گوتی، "ئێمە دەزانین ئەو هێرشە لەلایەن ئەو گرووپانەوە کراوە کە ئێران پشتگیرییان دەکات".
بە گوێرەی دوایین راپرسی کە لە 24-1-2024 لە ئەمریکا کراوە، دۆناڵد ترەمپ دەرفەتی بردنەوەی ٪70.3ـی دەنگەکانی هەیە بۆ بوون بە بەربژێری کۆمارییەکان، لە کاتێکدا نیکی هەیلی ٪12.6ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ