کوردانی ئەڵمانیا هەست بە "ناپاکی" دەکەن؛ "بۆچی رۆژئاوا رێگە بە کوشتارمان دەدات؟"

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەفتەنامەی "دی تسایت"ی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا دەڵێ، کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بە ترس و دڵەڕاوکێوە لە دۆخی سووریا دەڕوانن و پرسیار دەکەن: "بۆچی کورد لەوێ دەکوژرێن و وڵاتانی رۆژئاواش رێگە بەمە دەدەن؟" سیاسەتڤان و چالاکڤانانی کورد لە ئەڵمانیا هۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی جینۆسایدی شنگال و رەخنەی تووند لە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا دەگرن.
 
دوزەن تەکال، کە لە دایک و باوکێکی کوردی ئێزدی لەدایکبووە و ساڵانێکە بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات، دۆخەکە بە "کارەسات" دەچووێنێت. تەکالی تەمەن 47 ساڵ، سەبارەت بەو دۆخەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، دەڵێت: "تەنیا تەقەیان لێ ناکرێ، بەڵکو جەستەیان دەشێوێندرێ، گوێ و سەریان دەبڕن و چاویان دەردەهێنن. بکەرانیش شانازی بەو تووندوتیژییەوە دەکەن. ئەمە دەستنووسی جیهادییەکانە."
 
"دەگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2014"
 
بۆ تەکال، تەماشاکردنی دیمەنەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، وەک دووبارەبوونەوەی مێژووە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، هەست دەکات گەڕاوەتەوە بۆ ساڵی 2014، کاتێک داعش لە باشووری کوردستان جینۆسایدی لە بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجامدا. تەکال دەڵێت: "بۆ ئەو کچە ئێزدییانەی هێناومانن بۆ ئەڵمانیا، باوەڕپێنەکراوە کە جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی رووبدات، بەتایبەتی بەرامبەر کورد کە تاکە هێز بوو بەرەنگاری داعش بوونەوە."
 
تەکال دەپرسێ: "بۆچی حکومەتی ئەڵمانیا بێدەنگە؟ ئەمە ئازاربەخشە."
 
رێکخراوی (Hawar Help)ی دوزەن تەکال و چەند رێکخراوێکی دیکە لە 6ی کانوونی دووەمەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگە، وێنە و ڤیدیۆی تاوانەکان کردووە. لیستێکی سەرەتایی قوربانییەکان ناوی محەممەد حەبیبی تەمەن 82 ساڵ، فاتیمە حەمادەی تەمەن 11 ساڵ و هەلی جەواهیری تەمەن دوو ساڵی تێدایە.
 
هەڕەشە لە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا دەکرێ
 
دی تسایت دەنووسێت: "دوای تورکەکان، کورد دووەم گەورەترین پێکهاتەی پەناخوازن لە ئەڵمانیا کە ژمارەیان نزیکەی ملیۆنێک و نیو دەبێت. ئێستا ئەوان لە دوورەوە بە نیگەرانییەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و لە رێگەی خۆپیشاندانەوە دەنگیان هەڵدەبڕن. تەنیا یەکشەممەی رابردوو دەگوترێ دەیان هەزار کورد لە بەرلین، هامبۆرگ و میونشن رژاونەتە سەر شەقامەکان."
 
بەهۆی ئەو هەڵوێستانەوە، کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا "رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە". دوزەن تەکال دەڵێ، نامەی وەک "بمرە بێباوەڕ"ی پێدەگات.
 
 ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات، لە ڤیدیۆیەکدا بینیویەتی تەرمی شەڕڤانێکی ژن لە حەلەب لە سەربانێکەوە خراوەتە خوارەوە و دەڵێت: "ئەو چێژوەرگرتنە لە سووکایەتیکردن بە ژن، قێزەونە." ترسی ئەو لەوەیە سیناریۆی بە کۆیلەکردن و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان و ژنان دووبارە ببێتەوە.
 
سیاسەتڤانانیش نیگەرانن
 
جانان جانلی، سیاسەتڤانی پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) کە بە رەچەڵەک کوردە، بێدەنگی حکومەتی ئەڵمانیا بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بە "ناپاکی" ناودەبات و دەڵێت: "کورد گەلێکی گەورەی بێ وڵاتن و هەمیشە هەڕەشەیان لەسەرە، بۆیە ژنان فێری بەرگری لەخۆکردن بوون."
 
جانلی دەڵێ، کچەکەی ناوناوه "هەڤاڵ" بۆ ئەوەی هەرکەسێک بیبینێت ناچار بێت لانیکەم وشەیەکی کوردی بڵێت. ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات کە چەپڵەلێدان بۆ کوشتنی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بەشێک لە کۆچبەری سووری و تورکەوە مەترسیدارە و دەڵێ: "ناکرێ لە دیموکراسیدا بژیت و پشتگیری پێشێلکاری مافی مرۆڤ بکەیت."

 

 
"ئەڵمانیا بووەتە شوێنی ئیسلامییەکان"
 
رۆنیا عوسمان، نووسەری کورد کە ساڵی رابردوو سەردانی سووریای کردووە، دەڵێ، سەرۆکی راگوزەری سووریا بە مەبەست ناوە کۆنەکەی کە "جۆلانی"یە بەکاردەهێنێت و پێیوایە سەرۆکی سووریا هێشتا تووندڕۆیە. 
 
رۆنیا دەڵێ، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێ و پێی دەڵێن "زایۆنیستی سۆزانی".
 
رۆنیا دەڵت: "ئەوەی دەمڕووخێنێت، بێباکییەکەیە. دەبوایە دوای دەرکردنی 150 هەزار کورد لە حەلەب لە سەرەتای کانوونی دووەمدا هەمووان بیانزانیایە ئەمە شەپۆلێکی نوێی تووندوتیژییە. بەڵام ئەڵمانیا نایەوێ ئەو مەترسییە ببینێت."
 
رێککەوتن لەگەڵ "ئیسلامییەکان"
 
جانسو ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، بە تووندی رەخنە لە رێککەوتنی ئەم دواییەی یەکێتیی ئەورووپا و شەرع دەگرێ کە بەهۆیەوە ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بڕیاری 620 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بۆ بنیاتنانەوەی سووریا دا.
 
ئۆزدەمیر دەڵێ: "ئەورووپا بوێری دەداتە ئیسلامییەکان. ئەمە باجەکەی قورس دەبێت." 
 
ئۆزدەمیر دەڵێ، هاوڕێ ئەڵمانییەکانی لە ترسی تۆمەتبارکردن بە "نەژادپەرستی دژی موسڵمانان" هەڵوێست وەرناگرن.
 
"هۆشداریمان دابوو"
 
عەلی ئەرتان تۆپراک، سەرۆکی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا (KGD) دەڵێ: "ئێمە شەڕی سەدام، قاعیدە، ئەسەد، داعش و مەلاکانی ئێرانمان کرد. هیچ کاتیش مافی مانەوەی ئیسرائیلمان رەتنەکردووەتەوە. بۆچی سەرەڕای ئەمانە تەنیا جێهێڵدراوین؟"
 
تۆپراک  گوتی، لە کۆتایی 2024 لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری داوە لە مەترسی کۆمەڵکوژی، بەڵام پێیان گوتووە دەبێت "ئارام بگرن" لەگەڵ شەرع. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "ئێستا کە هەموو هۆشدارییەکان راست دەرچوون، حکومەتی ئەڵمانیا بە ساردی مامەڵە دەکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وۆڵفگانگ ئیشینگەر، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ رووداو: ئەورووپا نەیتوانی رێگە لە هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بگرێت

سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایدەگەیێنێت، یەکێتیی ئەورووپا نەیتوانیوە رۆڵێکی کاریگەر لە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا بگێڕێت و دەڵێت: "بەباشی لەو هەستە تێدەگەم کە باس لە ناپاکیی ئەمریکا و بێدەنگیی جیهان دەکات."