پار 26,000 کەس لە باشووری کوردستان و عێراق داوای مافی پەنابەرییان لە ئەوروپا کردووە

29-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسێکی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا راپۆرتی تایبەت بە داواکردنی مافی پەنابەری بۆ ساڵی 2023 لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ساڵی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار هاووڵاتیی عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە و 38٪ـی داواکارییەکان پەسند کراون."
 
رۆژی 29-02-2024، ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا EUAA راپۆرتێکی تایبەت بە پێدانی مافی پەنابەری لە ئەوروپا بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە. 
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لەو ساڵەدا زیاتر لە 1.1 ملیۆن داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێشکراون و 26 هەزار و 131 کەسیش لەوان هاونیشتمانی باشووری کوردستان و هاووڵاتی عێراقی بوون. 
 
داواکاریی مافی وەرگرتنی پەنابەریی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقی، وەک لە داتاکانی ئاژانسەکەدا هاتووە، بەراورد بە ساڵی 2022 کەمترە. لە 2022ـدا 27 هەزار و 64 کەسی خەڵکی باشووری کوردستان و هاووڵاتی عێراقی داواکاریان پێشکێش کردبوو.
 
لەبارەی ئەو وڵاتانەی کە عێراقییەکان داواکارییان تێدا پێشکێش کردووە، داتاکە بەمشێوەیەیە؛ 43٪ـی داواکارییەکان لە ئەڵمانیا بوون کە 11 هەزار و 280 کەس بوون؛ 24٪ لە یۆنان بوون کە ژمارەی داواکارییەکان 6 هەزار و 398 بووە؛ 6٪ لە هۆڵەندا؛ 4٪ لە سوێد؛ 4٪ لە نەمسا؛ 3٪ لە فینلاند؛ 3٪ لە بەلجیکا؛ 3٪ لە بولگاریا؛ 2٪ لە ئیتاڵیا؛ 2٪ لە فەرەنسا و 7٪ـیش لە وڵاتەکانی دیکەی یەکێتییەکە.
 
ئەو ئاژانسەی یەکێتیی ئەوروپا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە ساڵی 2023ـدا 38٪ـی داواکارییەکان پەسندکراون، 6٪ـیان هێشتا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و 56٪ـی داواکارییەکانیش رەتکراونەتەوە.
 
یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت، ساڵی رابردوو داواکارییەکی زۆری تایبەت بە وەرگرتنی مافی پەنابەری پێشکێش کراون کە ژمارەیان ملیۆنێک و 142 هەزار و 618 کەس بووە لە هەموو وڵاتەکان. لە 2017ـەوە ئەوە زۆرترین ژمارەی پێشکێشکردنی داواکاریی مافی پەنابەری بووە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە وڵاتەکانەوە هەیە، سووریا لە پلەی یەکەم دێت و 181 هەزار هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتی سووریا داواکارییان پێشکێش کردووە. ئەو ژمارەیەش 38٪ بەراورد بە 2022 زیاترە. 
 
ئەفغانستانییەکان لە پلەی دووەم دێن و 114 هەزار و 344 هاووڵاتیی ئەفغانستانی داواکارییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری پێشکێشی یەكێتیی ئەوروپا کردووە.
 
یەكێتیی ئەوروپا لە 2023ـدا 24٪ـی هەموو داواکارییەکانی پەسندکردووە، 20٪ هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و 57٪ـیش رەتکراونەتەوە. ئاژانسەکە باسی ئەوە دەکات کە 29٪ـی داواکارییەکان لە ئەڵمانیا پێشکێش کراون و لە پلەی دووەمیش فەرەنسا دێت بە 15٪.
 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە