رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی میدیایی، نزیکەی 1000 ئەندامی سوپای پاسداران لە کەنەدا دەژین. بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی لە ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی، گومان دەکرێت هێشتا ئەو کەسانە لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و زوو یان درەنگ ببنە سەرچاوەی هەڕەشە.
راپۆرتەکە لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوکراوەتەوە. میشێل ریمبڵ گارنەر، پەرلەمانتاری سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی کەنەدا و وەزیری کۆچبەران لە حکومەتی سێبەردا، لەوبارەوە رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی گرت کە هەوڵی پێویست نادات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. بە گوتەی گارنەر، ئەوە "کێشەیەکی گەورەیە و بە تەنیا هەر سەرچاوەی نیگەرانی نییە بۆ کەنەدا، بەڵکو سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێیە بۆ هاوپەیمان و هاوبەشە ئەمنییەکانی کەنەداش."
میشێل گارنەر ئاماژەی بەوە کرد، "کەسانی زۆر لەوانەی لە پەیوەندیدان لەگەڵ رژێمی ئێران، سوود لە سیاسەتی نەرمی کەنەدا لە پرسی کۆچبەری وەردەگرن و دێنە نێو وڵاتەوە، پاشان داوای مافی پەنابەری دەکەن، بەوەش کاری دیپۆرتکردنەوەیان زەحمەت دەبێت." ئەو پەرلەمانتارە کەنەدییە پێیوایە، ئەم سیستمەی ئێستای وڵاتەکەی دەبێت بگۆڕدرێت.
بەڵام جۆ ئادەم جۆرج لە سەنتەری توێژینەوەکانی سەر بە کۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە فیلادلفیا، باوەڕی وایە کە ئامانجی ستراتیژی و سەرەکیی ئێران هەر لە ئەمریکا دەمێنێتەوە نەک کەنەدا. دەشڵێت، دەسەڵاتی ئێران، واشنتن بە "شەیتانی مەزن" ناودەبات و ئیسرائیلیش "شەیتانە بچووکەکەیە."
جۆ ئادەم جۆرج باوەڕی وایە، ئێران بەوە ناسراوە لە سەرانسەری جیهاندا شانەی نووستوی هەیە و بەدوور نازانرێت پاش پێکدادانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاماژەی دەستبەکاربوونی بۆ ناردبن.
ئەم ترس و نیگەرانییە لە ئێرانیەکانی نیشتەجێی کەنەدا کاتێک زیادی کرد کە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە شاری تۆرونتۆی کەنەدا رۆژی 10ی ئەم مانگە لەلایەن دوو چەکدارەوە رووبەڕووی دەستڕێژی گولـلە بووەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە. هێشتاش دیار نییە ئاخۆ ئەو دوو چەکدارە لەلایەن ئێرانەوە هاندراون یان نا.
هەر لەوبارەوە کریستیان لۆبرێخت، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی شاهانەی سەربازی و زانکۆی کوینز، هۆشداریی دا کە حکومەتی کەنەدا بەشێکی بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەگەر یەکێک لە کۆچبەرانی نیشتەجێی وڵاتەکەیان بیەوێت لەنێو خاکی ئەمریکادا هێرشێکی تیرۆریستی ئەنجام بدات. ئەو دەڵێت، کەنەدا خۆی بە پێشەنگی پاراستنی مافی مرۆڤ دەزانێت، کەچی رێ بە کەسانێک دەدات بێنە وڵاتەکەوە کە دەستیان بە خوێن سوورە.
بەگوێرەی ئاژانسی کەنەدی بۆ خزمەتگوزارییەکانی سنوور، حکومەتی کەنەدا ناوی 32 بەرپرسی پایەبڵندی ئێرانیی تۆمار کردووە کە نیشتەجێی کەنەدان و ئەگەری ئەوە هەیە لەو وڵاتە دەربکرێن. لەنێو ئەوانەی ناویان لەو لیستەدا هاتووە، ناوی عەباس ئومیدی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران دەبینرێت، کە رێکارەکانی دەرکردنی لەو وڵاتە گیراونەتەبەر. هەروەها ئەفشین پیرنون کە بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی رێگەوبان؛ ئەم کەسە پێشتریش لە ساڵی رابردوودا هەوڵی دەرکردنی درابوو، بەڵام فەرمانگەی کۆچبەران نەیهێشت.
لە لیستەکەدا هەروەها ناوی سەلمان سامانی دەبینرێت کە گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئێران بووە، ئەمیش بڕیاری دەرکردنی دراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە. یەکێکی دیکە لەوانە مەجید ئیرانمەنشە کە لە سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بەرپرسی کاروباری زانست و تەکنۆلۆژیا بووە، ئەم کەسەش بڕیاری دەرکردنی دراوە و هێشتا لە کەنەدایە. لە هەموو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر ناوی سینا ئەردەشێر لاریجانی، برازای عەلی لاریجانی ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا.
حکومەتی کەنەدا لە ساڵی 2022دا و پاش ئەو شەپۆلی خۆپێشاندانەی بەهۆی مردنی ژینا ئەمینییەوە تەواوی ئێرانی گرتەوە و پاشان بە زەبروزەنگ سەرکوت کرا، کۆتوبەندی خستە سەر هاتنە ناوەوەی بەرپرسانی ئێرانی بۆ ئەو وڵاتە. ئەو کۆتوبەندە لە ساڵی 2024دا بەرفراوانتر کرا و هەموو ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی گرتەوە کە لە ساڵی 2003 بەدواوە لەنێو دەزگا و دامەزراوە ئێرانییەکاندا ئەرک و بەرپرسیارێتییان هەبووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی تۆرنتۆ ستاری کەنەدی، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک بەرپرسی ئێرانی لەو وڵاتە دەرکراوە. وەزیری سەلامەتیی گشتیی کەنەداش، گاری ئەنانداسنگاری، کاتێک پرسیاری ژمارەی ئەندامانی سوپای پاسدارانی لە کەنەدا لێکرا، گوتی ئەو ژمارەیەی دەگوترێت بە تەواوی نەسەلماوە.
بەڵام وەزارەتی کۆچ و پەنابەرانی کەنەدی لای خۆیەوە رایگەیاند، لە رۆژی 5ی ئادارەوە تاوەکو ئێستا 239 داخوازیی ڤیزای رەتکردووەتەوە بە گومانی ئەوەی لەنێو ئێران دا پلە و بەرپرسیارێتییان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ