رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا مشتومڕەکان لەسەر تووندکردنەوەی رێکارەکانی کۆچبەری لە ئەورووپا بەردەوامن، ئامارە نوێیەکان دەریدەخەن کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2024دا وڵاتینامەیان بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 170 هەزار پەناخواز داوە، کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە و سووریاییەکانیش لە پێشەنگی ئەو کەسانەن کە وڵاتینامەکەیان وەرگرتووە.
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی ئاماری ئەورووپا (یۆرۆستات) کە رۆژی یەکشەممە 29-03-2026 بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی 2024دا 1.17 ملیۆن کەس وڵاتینامەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایان وەرگرتووە. ئەمەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە هەڵکشاندایە، چونکە لە 2022دا یەک ملیۆن کەس و لە 2023دا 1.05 ملیۆن کەس وڵاتینامەیان وەرگرتبوو.
سووریایی و مەغریبییەکان پێشەنگن
بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک، سووریاییەکان لە پلەی یەکەمی ئەو کەسانە دێن کە وڵاتینامەی ئەورووپییان وەرگرتووە، کە ژمارەیان 110 هەزار و 110 کەس بووە. لە دوای ئەوانیش مەغریبییەکان بە 97 هەزار و 100 کەس و ئەلبانییەکان بە 48 هەزار کەس دێن.
پێشەنگیی سووریاییەکان بۆ ئەو شەپۆلە گەورەیەی کۆچبەران دەگەڕێتەوە کە لە ساڵانی 2015 و 2016 روویان لە ئەورووپا کرد و ئێستا مەرجەکانی وەرگرتنی وڵاتینامەیان تێدا جێبەجێ دەبێت. هەرچی مەغریبییەکانە، مێژوویەکی کۆنیان لە کۆچی کار لەگەڵ وڵاتانی ئیسپانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا هەیە.
کام وڵاتانە زۆرترین وڵاتینامەیان بەخشیوە؟
پێنج وڵات بە تەنیا 80%ی کۆی گشتیی وڵاتینامە بەخشراوەکانیان بەردەکەوێت:
ئیسپانیا: 240,200 وڵاتینامە (22.9%ی کۆی گشتی).
ئیتاڵیا: 213,600 وڵاتینامە
ئەڵمانیا: 199,800 وڵاتینامە
فەرەنسا: 97,300 وڵاتینامە
سوید: 67,800 وڵاتینامە
لە رووی رێژەییەوە، سوید لە پلەی یەکەمدایە و لە بەرامبەر هەر 100 بیانییەک کە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن، وڵاتینامەی بە 7.5 کەس بەخشیوە. لە بەرامبەردا، وڵاتانی لیتوانیا، بولگاریا و ئەستۆنیا کەمترین رێژەی بەخشینی وڵاتینامەیان هەبووە.
بۆچی ئەورووپا وڵاتینامە دەبەخشێت؟
ئەم هەنگاوەی ئەورووپا تەنیا پەیوەندی بە لایەنی مرۆییەوە نییە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی ئابووری و دیمۆگرافیی وردی لەپشتە کە ئەمانە هۆکارەکانن: تەنگژەی پیربوون: رێژەی منداڵبوون لە یەکێتیی ئەورووپا 1.46 منداڵە بۆ هەر ژنێک، کە زۆر کەمترە لەو رێژەیەی بۆ هاوسەنگکردنەوەی دانیشتووان پێویستە کە (2.1)ـە. پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050، سێیەکی ئەوروپییەکان تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵ بێت، بۆیە وڵاتینامە بەخشین رێگری لە داڕمانی دیمۆگرافی دەکات.
2. بازاڕی کار: 40٪ی ئەو کەسانەی وڵاتینامەیان وەرگرتووە تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 44 ساڵدایە، کە ئەمەش لووتکەی تەمەنی بەرهەمهێنانی ئابوورییە.
3. راکێشانی کارامەیی: ئەورووپا لە رێگەی سیستەمی "کارتی شین"ەوە کێبڕکێ دەکات بۆ راکێشانی کەسانی خاوەن کارامەیی بەرز.
گۆڕانکاری لە یاساکاندا
یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت. ئەڵمانیا لە ساڵی 2024دا شۆڕشێکی لە یاساکانیدا کرد و رێگەی بە "دوو وڵاتینامەیی" دا و ماوەی مانەوەی پێویستی بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە لە 8 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ کەمکردەوە.
بەڵام ئاراستەکە لە هەندێک وڵات بەرەو تووندکردنەوە دەچێت؛ پورتوگال ماوەی مانەوەی بۆ 10 ساڵ زیاد کردووە و هۆڵەنداش پلانی هاوشێوەی هەیە. هەروەها دادگەی دادی ئەورووپا بەرنامەی "پاسپۆرتی زێڕین"ی ماڵتای (بەخشینی وڵاتینامە لە بەرامبەر وەبەرهێنان) بە نایاسایی هەژمار کرد.
بۆچی ئامارەکانی 2024 ئێستا بڵاودەکرێنەوە؟
ئەم ئامارانەی ئێستا بڵاوکراونەتەوە تایبەتن بە ساڵی 2024، واتە 15 مانگ دواکەوتوون. هۆکارەکەش ئەوەیە کە (یۆرۆستات) داتاکان کۆناکاتەوە، بەڵکو چاوەڕێ دەکات هەر 27 وڵاتەکەی ئەندام ئامارە نیشتمانییەکانی خۆیان وردبینی بکەن و رەوانی بکەن، کە ئەم پرۆسەیە 12 بۆ 15 مانگی دەوێت. پێشبینی دەکرێت ئامارەکانی ساڵی 2025 لە سەرەتای ساڵی 2027 بڵاوبکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ