رووداو دیجیتاڵ
حەمزە یوسف، سەرۆکوەزیرانی سکتۆلاند، رۆژی دووشەممە دەستی لەکار کێشایەوە.
یوسف ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند (SNP)یش دەبێت، بەڵام تا ئەو کاتەی جێگرەوەیەک دەستنیشان دەکرێت، لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
بڕیاربوو ئەم هەفتەیە پەرلەمانی سکۆتلاند دەنگ لەسەر سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەی سەرۆکوەزیرانە 39 ساڵانەکە بدات.
گوشارەکانی سەر یوسف دوای ئەوە دروستبوون کە پارتەکەی کۆتایی بە هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ سەوزەکان هێنا و دەستبەرداری پلانی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن بوو.
سەوزەکان توڕە بوون
پارتی پارێزگارانی سکۆتلاندیش کە ئۆپۆزسیۆنی هەرە کارای پەرلەمانەکەیە، دەرفەتەکەی بەکارهێنا و کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی بۆ رۆژی چوارشەممە رێکخست بۆ ئەوەی متمانە لە یوسف و کابینەکەی بستێننەوە.
پارتی کاری سکۆتلاند، کە پارتێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆنە، کۆبوونەوەیەکی دیکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتکەی یوسف رێکخستبوو.
پارتەکانی پارێزگاران، کار، دیموکراتە لیبراڵەکان و سەوزەکان رایانگەیاندبوو لە دژی یوسف دەنگ دەدەن.
یوسف، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی موسڵمانی سکۆتلاند، لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی، دەتوانێت لەو دەنگدانە رزگاری بێت، بەڵام گوتی: "من ئامادە نیم بۆ چنگگرتن بە دەسەڵاتەوە بازرگانی بە بەها و بنەماکانی خۆمەوە بکەم یان گرێبەست لەگەڵ هەر کەسێک بکەم."
یوسف رۆژی دووشەممە رایگەیاند: "گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانمان و دابەشبوونی سیاسیمان تەنیا ئەو کاتە بەدیدێت کە کەسێکی دیکە جڵەو بگرێتە دەست."
ناکۆکییەکان
پارەتە سەربەخۆییخوازەکەی یوسف 63 ئەندامی لە پەرلەمانە 129 کورسییەکەی سکۆتلاندی بەدەستەوەیە. تەنیا دوو کورسی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە.
یوسف سەرەتا گوتبووی بەنیاز نییە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و دەیەوێت لە دەنگدانی پەرلەمانەکەدا متمانە بەدەستبێنێتەوە.
ئێستا کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاندووە، پەرلەمان 28 رۆژی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ دەستنیشان بکات.
تەنیا 13 مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەدا تێپەڕیبوو. لە دوای وازهێنانی نیکۆلا ستێرجن، سەرۆکوەزیرانی هەشت ساڵی لەوەوپێشی هەرێمەکە، کورسییەکەی گرتەدەست.
بەڵام لە سەرکردایەتییەکەی یوسف هەر زوو رووبەڕووی تەنگژە بووەوە، کاتێک کە ستێرجن و پیتەر مورێلی هاوژینی بە گومانی گەندەڵیی دارایی دەستگیرکران.
مانگێک لەمەوبەر، مورێل بە فەرمی تۆمەتبارکرا، بەڵام ستێرجن هێشتا هیچ تۆمەتێکی ئاراستە نەکراوە.
مشتومڕەکان
ستێرجن سەرەڕومی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی سکۆتلاند بوو.
لە سەردەمی ئەودا، دوای برێکزیت، کە سکۆتلاند دژی جیابوونەوەی بەریتانیا بوو لە یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، جەماوەری پارتی نیشتمانیی سکۆتلاند زیادبوو.
بەڵام لە ماوەی سەرکردایەتیی حەمزە یوسفدا، SNP کە لە ساڵی 2007ـەوە لە دەسەڵاتدایە، جەماوەرەکەی کەمبووەوە.
هەروەها بەهۆی دەرکردنی چەند یاسایەکی مشتومڕهێن کە وا لێکدرانەوە لە دژی ژمارەیەک چین بن، لەنێویاندا چینی هاوڕەگەزخواز، گوشاری زیاتر لەسەر یوسف دروستبوو.
رەخنەی گەورە لەو یاسایانە گیرا، لە نێویاندا لەلایەن جەی کەی راوڵینگ، نووسەری 'هاری پۆتەر' کە لە ئیدنبرە دەژیت.
هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان SNP و سەوزەکان، وەستاندنی پێدانی دەرمانی رێگریکردن لە باڵخبوون بوو لە سکۆتلاند.
هەندێ لە ئەندامانی SNP دەیانویست یوسف کۆتایی بە هاوپەیمانی لەگەڵ سەوزەکان بێنێت، چونکە پێیانوابوو، ئەو پەیوەندییە، پارتەکەیان بەرەو چەپڕۆیی دەبات.
پاشەکشەی SNP هەروەها هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی پارتی کار لە سەرانسەری بەریتانیا، کە چاوەڕێدەکرێت ئەم ساڵ هەڵبژاردنی گشتیی ئەم ساڵی شانشینەکە بباتەوە.
سکۆتلاند لە گشتپرسیی ساڵی 2014 لە دژی سەربەخۆیی دەنگیدا. 55٪ی خەڵکەکەی دەنگی بە مانەوە لەگەڵ بەریتانیا دا.
SNP پێیوابوو، دەنگدانەکەی ساڵی 2016ی بەریتانیا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا، لە کاتێکدا سکۆتلاند بە زۆرینەی دەنگ پێی باشتربوو لە یەکێتییەکەدا بمێنننەوە، پێشانیدا کە جیاوازیی نێوانیان گەورەیە و پێویستە جیاببنەوە.
بەڵام پارتەکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گڕوتینێکی بەهێز بۆ گشتپرسیێکی دیکە کۆبکاتەوە، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیش لە خراپترین ئاستی خۆیدایە.
پەرلەمانی سکۆتلاند کە لە ساڵی 1999 بە پێکهاتە و سیستمێکی نوێوە دامەزرێنراوەتەوە، دەسەڵاتی سنوورداری هەیە کە دەتوانێت لە بواری تەندروستی، پەروەردە، گواستنەوە و ژینگەدا بەکاریانبێنێت.
حکومەتی شانشینی یەکگرتوو کە بارەگاکەی لە لەندەنە، دەسەڵاتی رێکخستی پرسە گەورەکانی سەرانسەری شانشینەکەی بەدەستەوەیە، وەک بەرگری و دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ