پارتی لیبراڵی فەرمانڕەوا هەڵبژاردنی کەنەدای بردەوە

29-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی لیبڕاڵی فەرمانڕەوا، هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدای بردەوە.
 
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، توانی بڕوا بە دەنگدەرانی کەنەدی بهێنێت، کە ئەو ئەزموونەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکاندا هەیەتی، دەتوانێت وای لێ بکات رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ببێتەوە. 
 
پارتی لیبڕاڵ بە بەدەستهێنانی 43.5٪ یەکەم بووە، واتە کابینەی داهاتووی حکومەتی کەنەدا پێکدێنێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خاوەن 343 کورسی، زۆرینەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو 155 کورسیی دەبێت.
 
پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، 41.4٪ـی بەدەستهێناوە، واتە پیێر پۆلیڤیێر، سەرکردەی پارێزگاران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام پارتەکەی بە 133 کورسییەوە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران. 
 
جەنگە بازرگانییەکەی ترەمپ و هەڕەشەی لکاندنی کەنەدا و کردنی بە ویلایەتی 51ـەمین، کە رۆژی دووشەممەش لە کاتی دەنگدانەکەدا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جەختی لێکردنەوە، کەنەدییەکانی تووڕە کرد و رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکای دراوسێی کردە پرسێکی سەرەکیی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. 
 
کارنی کە مانگی رابردوو وەک سەرۆکوەزیران شوێنی جەستن تروودۆی گرتەوە، دژایەتیکردنی ترەمپی کردە چەقی هەڵمەتەکەی. 
 
ئەو پێشتر لە کەنەدا و بەریتانیا وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی کاریکردووە. هەر بەوەش توانی متمانەی دەنگدەرانی بەدەستبێنێت لەسەر ئەوەی کە ئەزموونی دارایی، ئەوی ئامادە کردووە لە جەنگی بازرگانیدا سەرکردایەتیی کەنەدا بکات. 
 
کارنی کە پێش ئەوەی لە کەرتی حکومیی کەنەدا دا دەست بە کارکردن بکات، وەبەرهێنەرێکی بانکی بووە، بەڵێنی بە هاووڵاتییەکانی دا کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی کەنەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوان بکات بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە ئەمریکا ببەستن. 
 
سەرۆکوەزیرانەکە لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ بە قسەی راشکاو و تووند، سڵی نەکردووەتەوە. 
 
ئەو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت تێکمانبشكێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنمان. ئەوان سەرچاوەکانی ئێمەیان دەوێت، ئەوان ئاوی ئێمەیان دەوێت، ئەوان خاکی ئێمەیان دەوێت، ئەوان وڵاتی ئێمەیان دەوێت. بەڵام نایبەن."
 
کاتێک ئەنجامی بەرایی راگەیێندران، دەنگی دڵخۆشی لە گۆڕەپانی ئۆتاوا بەرزبووەوە، کە لەوێ لایەنگرانی پارتی لیبڕاڵ بۆ سەیرکردنی ئەنجامەکان کۆببوونەوە. 
 
دۆرۆسی گۆباڵتی تەمەن 72 ساڵ گوتی: "دڵخۆشم چونکە ئێستا کەسێکمان دەبێت بتوانێت قسە لەگەڵ ترەمپ بکات. ترەمپ پیاوی بازرگانییە. کارنیش پیاوی بازرگانییە، پێموایە هەردووکی بەرامبەری یەکن."
 
گۆباڵت لە بارەی کارنی دەڵێت: "ئەو چیدیکە پارێزگاری بانک نییە، ئەو سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە و کەنەداش چیدیکە 51ـەمین ویلایەت نییە. بەڵکو ئێمە ئێمەین. ئێمە کەنەداین."
 
ستیڤن گیڵبوو، پەرلەمانتاری لیبڕاڵ و ئەندامی کابینەکەی کارنی، ئەنجامەکەی بە ترەمپەوە بەستەوە. 
 
ئەو بە کەناڵی سی بی سیی کەنەدا گوتی: "ئەو هێرشە زۆرانەی سەرۆک ترەمپ کردییە سەر ئابووریی کەنەدا، نەک تەنیا ئابووری، بەڵکو سەروەری و ناسنامەشمان، کەنەدییەکانی خرۆشاند، ئەوانیش سەرۆکوەزیران کارنییان بە کەسێکی خاوەن ئەزموون لەسەر سەکۆی جیهانی بینی."
 
رۆیشتنی تروودۆ
 
رۆیشتنی جەستن تروودۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووش بۆ بردنەوەی لیبڕاڵەکان گرنگ بوو.
 
پشتیوانیی خەڵک بۆ پارتەکە لە دابەزینی بەردەوامدا بوو. بە رۆیشتنی تروودۆ، هەستانەوەی بەخۆوە بینی، کە بە گەورەترین پێچکردنەوە لە مێژووی سیاسەتی کەنەدا دا دادەنرێت.
 
6ی کانوونی دووەم، ئەو رۆژەی کە تروودۆ گوتی دەست لە کار دەکێشێتەوە، لیبڕاڵەکان لە راپرسییەکاندا 20 خاڵ لە دوای پارێزگارانەوە بوون، چونکە بڵاوبوونەوەی گرانی لە دوای 10 ساڵی دەسەڵاتی تروودۆ، کەنەدییەکانی تووڕە کردبوو.
 
بەڵام شوێنگرتنەوەی تروودۆ لە لایەن کارنییەوە، هاوتەریب لەگەڵ پەستبوونی کەنەدییەکان لە ترەمپ، رێڕەوی رکابەرییەکەی گۆڕی. 
 
بە درێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، کارنیی تەمەن 60 ساڵ، خۆی لە تروودۆ بەدوورگرت. 
 
کارنی گوتی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو وەک پێویست گرنگی بە گەشەپێدانی ئابووریی کەنەدا نەداوە. هەروەها ئەو باجەی هەڵوەشاندەوە کە تروودۆ لەسەر دەردانی کاربۆن داینابوو. باجەکە زۆر دەنگدەری ناڕازی کردبوو.
 
بۆ پۆلیڤیێری تەمەن 45 ساڵ، کە ماوەی دوو دەیەیە لە پەرلەمانە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، شکستێکی ئازاربەخش بوو. 
 
بەشێکی خەڵکی کەنەدا رەخنەی ئەوەیان لێ دەگرت کە هەندێجار لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ بێ هەڵوێست بووە. بەڵام ئەو دەیگوت، دەیەوێت گرنگی بەو پرسە ناوخۆیانە بدات کە ببوونە هۆی ناڕازیبوونی خەڵک لە تروودۆ. 
 
هەروەها پۆلیڤیێر هەوڵیدەدا بڕوای ئەوە لای دەنگدەرانی دروست بکات کە کارنی درێژەپێدەری فەرمانڕەوایی شکستخواردووی حکومەتی لیبڕاڵەکان دەبێت. 
 
لە ئاهەنگی پارێزگاراندا، جەیسن پیچ گوتی: "چاوەڕێی ئەوە بووم ئەمشەو ئاهەنگێکی گەورە سازبکەین."
 
نزیکەی 29 ملیۆن لە کۆی 41 ملیۆن دانیشتوو مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتێک کە رووبەرەکەی هێندە فراوانە، شەش ناوچەی کاتی (تایمزۆن) جیاوازی هەیە. رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی پێشوەخت، ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد. 7.3 ملیۆن کەس پێشوەخت دەنگیان دا. 
 
ئەنجامە بەراییەکان لە گۆڕانی بەردەوامدان. بوون بە زۆرینە، پێویستی بە 172 کورسییە. 
 
لیبڕالەکان لە ساڵی 2015 زۆرینەیان بردەوە، بەڵام لە ساڵی 2019 ناچار بوون بە هاوپەیمانی حکومەتی پێکبێنن. 
 
پارتەکانی دیکەش بەم شێوەیە بوون:
 
لیستی کوبێکییەکان: 6.4٪
 
پارتی دیموکراتی نوێ: 6.3٪
 
پارتی سەوز: 1.2٪

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا