یەکێتیی ئەورووپا: پاسپۆرتی زێڕینی ئەورووپی 'نایاساییە'

29-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی دادی ئەورووپی، بەرنامەی پێدانی "پاسپۆرتی زێڕین"ی ئەورووپای بە نایاسایی هەژمار کرد، کە دەدرێتە وەبەرهێنەری بیانی و لە رێگەی وەبەرهێنانەوە هەڵگرانی دەتوانن وڵاتینامەی ئەورووپی وەربگرن. دادگەکە رایگەیاند، "پێدانی ئەو پاسپۆرتە، پێشێلکردنی یاساکانی یەکێتییەکەیە."
 
رۆژی سێشەممە 29ی نیسانی 2025 دادگەی دادی ئەورووپی، کە باڵاترین دادگەی ئەورووپایە، وەڵامی سکاڵایەتی کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپای لە دژی ماڵتا دایەوە، کە ئەو وڵاتە بەرنامەی "پاسپۆرتی زێڕین"ی راگەیاندووە و لە رێگەی ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان لە ماڵتا، وڵاتینامە دەبەخشێتە وەبەرهێنەری بیانی.
 
لە وەڵامەکەدا، دادگە ئەورووپییەکە دەڵێت، ئەو رێکارەی ماڵتا نایاساییە و دژی یاساکانی وڵاتینامەی ئەورووپایە.
 
لەوبارەیەوە، دادگەی دادی نێودەوڵەتی دەڵێت، "بەدەستهێنانی وڵاتینامەی یەکێتیی ئەورووپا نابێت لە رێگەی کاری بازرگانییەوە بکرێت،" ئاماژەش دەدات بەوەی، بەو بەرنامەیە ماڵتا یاساکانی یەکێتییەکەی پێشێل کردووە.
 
هەروەها دادگەی دادی ئەورووپا هۆشداریی دایە ماڵتا و رایگەیاند، پێویستە ئەو وڵاتە راستەوخۆ کۆتایی بەو بەرنامەیە بهێنێت یانیش رووبەڕووی پێبژاردنێکی زۆر ببێتەوە.
 
لە بەرامبەردا، حکومەتی ماڵتا رایگەیاند، رێز لە بڕیارەکەی دادگەی ئەورووپا دەگرێت، "دەرئەنجامی ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، تاوەکو رێگەکانی بەدەستهێنانی وڵاتینامە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی لە بڕیارەکەدا دیاریکراوە."
 
بەڵام حکومەتی ماڵتا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەوانەی لە رابردوودا سوودمەند بوون لە بەرنامەی "پاسپۆرتی زێڕین" و بوونەتە هاووڵاتیی ماڵتا، کێشەیان نابێت و ئەو بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا کاریگەریی لەسەر پێگەیان نابێت.
 
هەروەها، کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە لە ساڵی 2022ەوە سکاڵای لە دژی ماڵتا تۆمار کردبوو، پێشوازیی لە بڕیاری دادگەی دادی ئەورووپی کرد. مارکەس لامێرت، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "ئێستا کاتی ئەوەیە ماڵتا بڕیارەکەی دادگە جێبەجێ بکات."
 
بەگوێرەی میدیای ئەورووپا، وەبەرهێنەر و دەوڵەمەندەکانی رووسیا و چین، ئەو بەرنامەیەی ماڵتایان بەکارهێناوە تاوەکو ببنە هاووڵاتیی ئەورووپی، هەرچەندە لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا و هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە شوباتی 2022، ماڵتا بڕیاریدا وڵاتینامە نەداتە هاووڵاتییانی رووسی و بێلاڕووسی.
 
وڵاتانی قوبرس و بولگاریاش هەمان بەرنامەیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم رایانگرت.
 
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە، ماڵتا بەرگری لەو بەرنامەیە کرد و رایگەیاند، پێویستە مافی پێدانی وڵاتینامە لەدەست وڵاتەکاندا بێت نەک یەکێتیی ئەورووپا و ئاماژەی بەوەش کردووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو بەرنامەیە لەساڵی 2015، ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ وڵاتەکە پەیدا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان

کۆنفرانسی UN تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە مانگی 6 بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ کاراکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە 17 بۆ 20ی حوزەیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت