رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لە شاری ئوپسالا رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران.
رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، پۆلیسی سوێد لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دەنگی تەقە لە رۆژهەڵاتی شاری ئوپسالا بیستراوە و ژمارەیەک کەسیان بە برینداری دۆزیوەتەوە کە پێدەچێت تەقەیان لێکرابێت.
پۆلیسی سوێد ئاماژە بەوەش دەکات، لەلایەن هاووڵاتییانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە کە تەقە کراوە و پۆلیسی دەوری ناوچەکەی داوە.
دواتر پۆلیس لە راگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کرد، سێ کەس لە رووداوەکە کوژراون.
میدیای ئەو وڵاتەش دەڵێت، رووداوەکە لە فێستیڤاڵێکی بەهارە روویداوە کە خەڵکێکی زۆر لەسەر شەقامەکان بۆ بەشداریکردن تیایدا کۆبوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت رووداوەکە و زیانەکانی ئاشکرا نەکراون و پۆلیس دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئوپسالا چوارەم گەورەترین شاری سوێدە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 180 هەزار کەس دەبێت.
پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و باندەکانی بارزگانیکردن بە مادەی هۆشبەر وایکردووە، رووداوەکانی تەقەکردن لە سوێد روو لە زیادبوون بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی سوێد، لە ساڵی 2023ـدا 368 رووداوی تەقەکردن لە وڵاتەکە روویانداوە و لانیکەم 53 کەس کوژراون. هەروەها پار، 296 رووداوی هاوشێوە روویداوە و بەوهۆیەوە 45 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ