دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا: ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا نایاساییە

29-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە بڕیارێک ناردنی کۆچبەرانی لە خاکی بەریتانیاوە بۆ رواندا بە نایاسایی ناساند و ئەوەش بەربەست لەبەردەم حکومەتەکەی ریشی سووناک دروستدەکات بۆئەوەی پلانەکەی دژی کۆچبەران جێبەجێ بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023 دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە "نایاسایی" ناساند و رایگەیاند، "رواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە."
 
دادوەرانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بە نایاسایی دادەنرێت تاوەکو رواندا "کەموکوڕییەکانی" سیستمی پەنابەری باشتر نەکات.
 
دادوەرەکان رایانگەیاند، "کەموکوڕییەکانی سیستمی پەنابەریی رواندا دەبێتە هۆی ئەوەی کۆچبەرێک کە لە بەریتانیاوە رەوانەی رواندا بکرێت، دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و لەوێ رووبەڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبێتەوە."
 
ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا، بە گوتەی دادوەرەکانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، "پێشێلکردنی بڕگەی سێی یاسایی مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوە دەکات هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە."
 
هاوکات، حکومەتی رواندا، لە راگەیێندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، "سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی بەریتانیا بەردەوام هەوڵیداوە رێگە لە هاتنی لێشاوی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حکومەتی رواندا رێککەوتن، کە ئەو کۆچبەرانەی لە رێگەی بەلەمەوە لە نۆکەندی ئینگلیز خۆیان دەگەیێننە نێو خاکی بەریتانیا، رەوانەی رواندا بکرێن.
 
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی حکومەتی بەریتانیا، هەر کۆچبەرێک رەوانەی رواندا بکرێت، وەکو یەکەم هەنگاو زیاتر لە 133 هەزار دۆلار دەدرێت بە رواندا بۆ ئەوەی وەریانبگرێت، هەروەها 28 هەزار دۆلار بۆ کرێی فڕۆکەکەی، 22 هەزار دۆلار خەرجیی پرۆسەی یاسایی هەر کۆچبەرێک دەبێت، کە لە بەریتانیاوە دەگوازرێتەوە بۆ رواندا.
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، دادگەی باڵای لەندەن، بڕیاری یاساییبوونی بەرنامەکەی دا، بڕیارەکە لەلایەن چەندین رێکخراو و کۆچبەری وڵاتانی وەکو سووریا، عێراق، سوودان، ئێران و ڤێتنامەوە تانەی لێدراوە کە دژی مافەکانی کۆچبەرانە.
 
ساڵی رابردوو، چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لە رێگەی بەلەمەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر بە نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونە بەریتانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە