تورکیا و سوێد لە بارەگای سەرەکیی ناتۆ کۆدەبنەوە

29-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسانی باڵای تورکیا و سوێد لە بارەگای سەرەکی ناتۆ کۆدەبنەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان پرسی ئەندامبوونی سوێدە لە ناتۆ.
 
یان ستۆڵینبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسێل رایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە وەکو ئەندامی ناتۆ پێشوازی لە سوێد بکەین." 
 
شاندی دانوستانکاری گفتوگۆکە، بەگوتەی ستۆڵینبێرگ، وەزیرانی دەرەوە و راوێژکارە هەواڵگرییەکانی هەریەکە لە تورکیا، سوێد و فینلاند دەبێت و کۆبوونەوەکەش لە رۆژی 7-7-2023 دەکرێت. 
 
سوێد دەیەوێت، پێش کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە رۆژی 11ـی تەممووزی ئەمساڵ لە ڤێڵنیاس کە لە لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، ئەنقەرە ئەندامێتییەکەی لە ناتۆ پەسند بکات.
 
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێشی رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکەدا.
 
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند، ئامادەیە داواکاریی فینلاند و سوێد پەسند بکات بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکاتەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بوو.
 
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆ سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە