کوردێکی کۆبانێ لە سوپای دانیمارک وەرگێڕە

29-06-2024
رووداو @Rudawkurdish
سۆزدار تەمۆ، وەرگێڕ لە سوپای دانیمارک
سۆزدار تەمۆ، وەرگێڕ لە سوپای دانیمارک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سۆزدار تەمۆ خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا ئەفسەرە لەنێو سوپای دانیمارک؛ بەردەوامیش لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆدا دەچێتە شوێنی جیاوازی جیهان.
 
ئەو ئەفسەرە کوردەی نێو سوپای دانیمارک لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ چووەتە زۆر شوێنی جیهان و یەکێک لەو شوێنانەش کوردستان بووە. سۆزدار باسی ئەوە دەکات کە چ هەستێکی هەبووە کاتێک مەشقیان بە پێشمەرگە کردووە.
 
سۆزدار دەڵێت، ماوەی 13 ساڵە لە دانیمارک دەژی، کاتێک گەیشتوونەتە دانیمارک، فێری زمانی دانیمارکی بوون، "ماوەی شەش ساڵە وەکو وەرگێڕ لە وەزارەتی بەرگریی دانیمارک کار دەکەم."
 
سۆزدار تەمۆ چیرۆکی چوونی خۆی بۆ نێو وەزارەتی بەرگری دانیمارک بۆ رووداو دەگێڕێتەوەو دەڵێت، "لە ساڵی 2018 وەزارەتی بەرگریی دانیمارک ویستی تیمێک دروست بکات بۆئەوەی بەشداری بکەن لەگەڵ هێزەکانیان لە ناتۆ لە شەڕی دژی داعش، ئەوەبوو ماوەی هەفتەیەک زیاتر لە هەزار کەسی لێهاتوو رکابەرییان کرد، بۆئەوەی بتوانن ئەو ئەرکە وەربگرن، لەو ژمارەیە نزیکەی 20 بۆ 25 کەس سەرکەوتنیان لە تاقیکردنەوەکەدا بەدەستهێنا، دواتر وەرگیراین و نزیکەی ساڵێک راهێنانی سەربازیمان لە دانیمارک پێکرا، لەسەر پلانی سەربازی و ناوی چەکەکان و بەکارهێنانیان، هەروەها سواربوون لە تانک و زرێپۆشەکان و بەکارهێنانیان، لەگەڵ تێستکردنی هەموو چەکەکان، بۆئەوەی ئامادە بین بۆ هەموو ئەگەرێک لەکاتی شەڕدا."
 
دەشڵێت، "وەکو وەرگێڕ لەگەڵ هێزەکانی دانیمارک لە چوارچێوەی ناتۆ چوومەتە زۆر وڵات، لەوانە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کوێت و ئیسپانیا و چەندین وڵاتی دیکە."
 
کاتێک عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی جەنگی داعش بوونەوە و ناتۆ هاتە نێو جەنگەکە و دژی داعش شەڕی کرد، ئەوکات سۆزدار لە رێگەی وڵاتەکەیەوە و لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆ چووەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوێ سەرباز و پێشمەرگە فێری هونەری جەنگ دەکەن؛ هەروەها فێری بەکارهێنانی چەکی نوێیان دەکەن لە دژی داعش و چۆنێتی خۆپاراستنیشیان.
 
سۆزدار تەمۆ دەڵێت، "کاتێک هاتمە عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆش بووم وەکو کوردێک لە رێگەی دانیمارک و ناتۆوە بێمە وڵاتەکەم و بتوانم لەو رێگەیەوە خزمەت بە گەل و نەتەوەکەم بکەم."
 
سۆزدار خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە، ئەو زۆر دڵخۆشە لەگەڵ خیزانەکەی و دەڵێت، "زۆر حەز دەکەم زۆرترین کاتەکانم لەگەڵ خێزان و منداڵەکانم بەسەرببەم. هەروەها گرنگیی زۆریش بە وەرزش دەدەم، رۆژانە وەرزش دەکەم و کتێبیش دەخوێنمەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە کارەکەمەوە هەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە