ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران دەتوانێت لە چەند مانگێکدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە

29-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئەگەری زۆرە ئێران بتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر چەندین دامەزراوەی ئەتۆمیی وڵاتەکە کەوتووە.
 
رۆژی شەممە 28ی حوزەیرانی 2025 رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رەتیکردەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە تەواوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەنێوچووبێت و گوتی، "هەندێکیان هێشتا ماون."
 
گرۆسی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا، سەبارەت بە توانای ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم گوتی، "ئەوان دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێکدا چەند زنجیرەیەک لە ئامێرەکانی سەنتەرفیووج بخەنەکار، کە بسووڕێنەوە و یۆرانیۆمی پیتێندراو بەرهەم بهێنن، یان تەنانەت لە ماوەیەکی کەمتردا."
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ئێران بەر لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی زیاتر لە 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی ئاستبەرزی پیتێندراوی گواستووەتەوە، گرۆسی گوتی، "ئێمە نازانین ئەم ماددەیە لە کوێیە. رەنگە بەشێکی بەهۆی هێرشەکەوە لەنێوبرابێت، بەڵام رەنگە بەشێکی دیکەی گوازرابێتەوە. بۆیە دەبێت لە قۆناخێکدا روونکردنەوەیەک لەسەر ئەمە هەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزەیران، پەرلەمانتارانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵپەسارد، هەروەها تاران داواکارییەکەی گرۆسی بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان رەتکردەوە، بەتایبەتی فۆردۆ، کە دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانە.
 
گرۆسی گوتی، "پێویستە لە پێگەیەکدا بین کە بتوانین دڵنیا ببینەوە و پشتڕاستی بکەینەوە کە چی لەوێیە، لە کوێیە و چی بەسەرهاتووە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک رایگەیاندووە، ئەو پێیوانییە ئێران یۆرانیۆمە یەدەگەکەی گواستبێتەوە و لە هەڤپەیڤینێکیشدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا گوتی، "ئەوە کارێکی زۆر سەختە، سەرەڕای ئەوەش ئێمە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەمان نەدا. ئەوان هیچیان نەگواستووەتەوە."
 
ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران دەستپێکرد و رایگەیاند، ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەی تاران چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
 
دواتر ئەمریکا سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێرانی کە بریتی بوون فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بۆردوومان کرد. ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێتم بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "چەندین دەیە" دواخراوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا رایگەیاند، قەبارەی ئەو زیانانەی بەر بنکە ئەتۆمییەکان کەوتوون "گەورە" بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە