رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پاڵپشتی لە دادگەییکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر تۆمەتی گەندەڵی ناکات.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵانە ملیاران دۆلار، زۆر زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە، خەرج دەکات بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل."
رۆژی هەینی، دادگەیەکی ئیسرائیل داواکاریی نەتەنیاهووی بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگەی لە دۆسیەی گەندەڵییەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، پاساوی پێویستی بۆ داواکارییەکەی نەخستووەتەڕوو.
لە یەکێک لە دۆسیەکاندا، نەتەنیاهوو و سارای هاوژینی تۆمەتبارن بە وەرگرتنی دیاریی گرانبەها بە بەهای زیاتر لە 260 هەزار دۆلار، لەوانە جگەرە، خشڵ و شامپانیا، لە بەرامبەر کارئاسانیی سیاسی بۆ چەند ملیاردێرێک.
لە دوو دۆسیەکەی دیکەشدا نەتەنیاهوو تۆمەتبارە بە بەرتیلدان بە دوو دەزگای میدیایی ئیسرائیل بۆ ئەوەی رووماڵی لەبارتری بۆ بکەن.
نەتەنیاهوو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و سوپاسی ترەمپی کردووە بۆ پاڵپشتییەکانی لە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
پارێزەرەکەی نەتەنیاهوو داوای لە دادگە کردبوو بۆ دوو هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنەکانی دادگە ببەخشرێت و رایگەیاندبوو، پێویستە سەرنجی لەسەر "پرسە ئەمنییەکان" بێت.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە، بەرگریی لە نەتەنیاهوو کرد و دۆسیەکەی دژی بە "تۆمەتی بێبنەما" ناوبرد.
رۆژی شەممەش، نەتەنیاهووی بە "پاڵەوانی جەنگ" ناوبرد و گوتی، دۆسیەکە سەرنجی سەرۆکوەزیران لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران و بزووتنەوەی حەماس، کە ئیسرائیل لەگەڵیدا لە جەنگدایە، لادەدات.
ترەمپ گوتیشی: "ئەم گاڵتەجاڕییەی 'دادپەروەری' دەبێتە رێگر لەبەردەم دانوستاندنەکانی ئێران و حەماس،" هەرچەندە روون نەبوو مەبەستی لە چ دانوستاندنێکە لەگەڵ ئێران.
دانوستاندنەکان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتە زیندووەکان و تەرمی کوژراوەکان بەردەوامن، لە کاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بێ وچان بەردەوامن.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها کێشە یاساییەکانی نەتەنیاهووی بە کێشەکانی خۆی چوواند، ئەوانەی کە پێش ئەوەی بۆ خولی دووەم پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرێتەوە رووبەڕوویان بوویەوە.
ترەمپ گوتی: "ئەمە تۆمەتبەخشینەوەی بێ بنەمایە، زۆر لەو تۆمەتبەخشینەوە بێ بنەمایە دەچێت کە من ناچار کرام بەرگەی بگرم."
ترەمپ کە سەر بە پارتی کۆمارییە، لە ئایاری 2024دا بە 34 تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامەی بازرگانی لە دۆسیەیەکی پەیوەست بە پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردنی ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان، سزا درا.
هەروەها رووبەڕووی دوو دۆسیەی فیدراڵیش بووەوە، یەکێکیان پەیوەست بوو بە هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2020، کە بە جۆ بایدنی دیموکرات دۆڕاندی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ