رووداو دیجیتاڵ
ئەندام پەرلەمانێکی سوێد کە سەرۆکی لیژنەی دادە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سۆشیال میدیادا بێ رێزی بە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کرد و ئێستا لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیەوە داوای لێدەکرێت دەستلەکاربکێشێتەوە.
رۆژی هەینی، 28ـی تەممووزی 2023، دوای ئەوەی ریچارد یومشوڤ، ئەندامی پارتی دیموکراتی سوێد و سەرۆکی لیژنەی داد لە پەرلەمان، لە تویتێکدا بێڕێزی بە پەیامبەر محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کرد، ماگدانێلا ئەندەرسن، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە، داوای کرد ئەندام پەرلەمانەکە دەستلەکاربکێشێتەوە.
ریچارد کە بە کەسێکی راستڕۆ دادەنرێت، وەک سەرۆکی لیژنەی دادی پەرلەمانی سوێد، لەلایەن موسڵمانانی وڵاتەکەوە داوای لێکراوە لە رێگەی پەرلەمانەوە کاربکات بۆ رێگەگرتن لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز؛ ریچاردیش لە توویتێکدا بێڕێزی بە پێغەمبەری ئیسلام کرد.
هاوکات، مۆرگان جۆنسن، گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان گوتی، "نابێت ریچارد لە پەرلەمان بمێنێتەوە و دەبێت دەستلەکاربکێشێتەوە."
گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێدیش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییدا گوتی، "سووتاندنی قورئان دۆخێکی ئەمنی خراپی ئەمنی لە سوێد دروستکردووە و وێنەیەکی نەرێنی سوێدی لە دەرەوە نیشانداوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپیێیەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
ئەو هاووڵاتییە رۆژی 20-7-2023 لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا؛ دوای بێڕێزیکردن بە بەشێک لەوانە بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت. ئەوەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت کردەوە و داواشی لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد عێراق جێبهێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ