رووداو دیجیتاڵ
درۆنێکی تایبەت بە گەیاندنی فریاگوزاریی پزیشکی لە بەلجیکا تاقی دەکرێتەوە و ئەگەر سەرکەوتوو بێت، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ژیانی هەزاران کەسی پێ رزگار بکرێت.
کۆمپانیای Helicusـی بەلجیکی، یەکەمین تاقیکردنەوەی خۆی لەسەر گواستنەوەی پێداویستی پزیشکی بە درۆن کرد.
درۆنەکە ناوی Ehang 216یە و بۆ مەبەستی گواستنەوەی خوێن، کەرەستە و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە نەخۆشخانەیەکەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە بەکاردەهێنرێت و کۆمپانیاکەش دەڵێت، لە داهاتوودا دەتوانرێت پزیشکانیش بە درۆنەکە بگوازرێنەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان.
مایکڵ شامین، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەبارەی درۆنەکەوە دەڵێت، "زۆر بە روونی هەست دەکەیت کە هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵداە؛ فڕین و نیشتنەوەی و گەیشتنی لەکاتی خۆیدا."
درۆنەکە 130 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبڕێت و توانا ئەوەی هەیە کە زیاتر لە 220 کیلۆ هەڵبگرێت و دەتوانێت 30 خولەک بفڕێت.
بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پزیشکی خەرجییەکی کەمی تێدەچێت و دۆستی ژینگەیە. یەکێتی ئەوروپاش کار لەسەر ئەوە دەکات کە بەیاسا رێگە بە درۆنەکە بدرێت لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بخرێتە خزمەت بواری پزیشکییەوە.
پسپۆڕانی تەندروستی پێیان وایە، درۆنەکە شۆڕشێکی نوێ لە بواری پزیشکیدا دەهێنێتە ئاراوە و ژیانی هەزاران کەس لە مردن رزگار دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ