دوو سیناتۆری ئەمریکا پڕۆژەیاسایەک بە ناوی "مەهسا ئەمینی" پێشکێشی ئەنجوومەنی پیران دەکەن

29-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو سیناتۆری ئەمریکی پڕۆژەیاسایەک بە ناوی (مەهسا ئەمینی) کە ناوە کوردییەکەی (ژینا ئەمینی)یە، پێشکێش بە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیان دەکەن کە بە گوتەی خۆیان، ئامانج لێی لێپرسینەوە لە سەرکردایەتیی ئێران و تووندکردنی سزاکان دەبێت بەسەر تاراندا لە بەرامبەر "پێشێلکردنی" مافەکانی مرۆڤ و "سەرکوتکردنی" خۆپێشاندانەکان. 

ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردە 22 ساڵانەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە 16ـی ئەیلوولی پار، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی "پێشێلکردنی یاساکانی باڵاپۆشی" لە تاران، گیانی لەدەستدا کە دواتر باوکی بە رووداوی گوت "کوژراوە". 
 
رووداوەکە خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای خۆیدا هێنا. سەتان کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژران و هەزارانی دیکەش دەستگیرکران. ژمارەیەک خۆپێشاندەریش بە تۆمەتی "ئاژاوەنانەوە و دژایەتیکردنی خودا"، لەسێدارەدران. ئەوەش وایکرد وڵاتانی رۆژئاوا سزای زیاتر بخەنە سەر ئێران. 
 
پڕۆژەیاساکە بە ناوی (یاسای مەهسا ئەمینی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی ئەمنی)یە و لەلایەن مارکۆ روبیۆ و ئەلێکس پادیلا ئامادەکراوە. ئەگەر پەسەند بکرێت، لە ماوەی 90 رۆژدا راپۆرتێک بە کۆنگرێس دەدرێت لەسەر هەموو ئەوانەی کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەوانەش رێبەری باڵا و سەرۆککۆماری ئێران و هەموو ئەو دامەزراوانەی بە فەرمانی ئەوان کاردەکەن. 
 
دوای ئەوە، راپۆرتەکە لە ماڵپەری حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە و سزا بەسەر ئەو کەس و دامەزراوانەدا دەسەپێندرێت کە لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتووە. 
 
سیناتۆر مارکۆ روبیۆ دەڵێت، "رژێمی ئێرانی بەردەوام خراپەکاری لە دژی خەڵکی خۆی و وڵاتان بەکارهێناوە. پێویستە ئەمریکا دووبارە هەڵسەنگاندن و نەخشەدانان بۆ گوشاری ئابووری لە دژی ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئێران بکات کە بەشدارن لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و خەڵکی سڤیلی ئێران."
 
پڕۆژەیاسای "مەهسا" کە 68 ئەندامی کۆماری و 60ی دیموکرات لە کۆنگرێس پشتیوانیی دەکەن، لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی ئۆپۆزسیۆنی رەوەندی ئێرانیشەوە پاڵپشتی دەکرێت. پڕۆژەیاساکە سەرەتا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ناوەکانی جیم بانکس و و ئێریک سوۆڵوێڵ پێشنیازکرابوو. 
 
یەکێک لە بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە دەڵێت، "رێبەری باڵا، دامەزراوەیەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەسەڵاتی رەهای بەسەر دەزگا دادوەری و ئەمنییەکانی ئێراندا هەیە، لە نێویاندا، وەزارەتی ئیتیڵاعات، هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و بەسیج کە گرووپێکی سەربازیی خۆبەخشانی سەرانسەری وڵاتە و  سەر بە پاسدارانە؛ هەموویان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران تێوەگلاون."
 
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس دژی چەسپاندنی پڕۆژەیاساکەن، چونکە پێیانوایە نابێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، لە کاتێکدا کە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە مێژە لە لیستی سزادراواندان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە