رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک لە واشنتن بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادیی ئێزدییەکان پانێڵێکی لەبارەی 'جینۆسایدی ئیزدییەکان' رێکخست و تێیدا باسی دۆخی ئێزدییەکان و پێداویستییە هەنووکەییەکانی ئێزدییەکان کرا.
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک پانێڵێک لەژێر ناونیشانی "جینۆسایدی ئێزدییەکان و هەوڵدان بۆ بووژانەوە" بەڕێوەچوو.
بەشێک بەشداربووانی پانێڵەکە پێکهاتووبن لە: عەباس کازم، بەرپرسی دێسکی عێراقی لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک؛ پەری ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئازادی ئێزدییەکان؛ ئەزرا زیا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاسایشی هاووڵاتییانی سیڤیل و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
پەری ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئازادیی ئێزدییەکان لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 600 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە بەشێکییان لەلایەن داعشەوە کوژراون و بەشێکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا لەژیاندا ماون.
پەری ئیبراهیم داواشی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، "چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاڵنگارییە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات و بووژانەوەی ئێزدییەکان خێراتر بکات".
لە بەشێکی پانێڵەکەدا، ئەزرا باسی لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان کرد: "بەشێک لەو هەوڵانە بریتین لەوەی حکومەتی ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییەکان و سەرجەم ئەو کۆمەڵگەیانەی دیکە کە رووبەڕووی تاوان و چەوساندنەوە بوونەتەوە."
رێککەوتنامەی شنگال
ئەزرا زەیا لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکەن.
ئەزرا گوتی: "ئەمریکا زۆر لەمێژە هانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوە پێشڤەچوونی واتادار و پێویستیان هەبێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال کە لە ئۆکتۆبەری 2020 واژۆیان کرد، داوامان لە هەردوولا کردووە بەردەوام بن لەو کارە گرنگە و لەنزیکیشەوە راوێژ لەگەڵ لایەنە لۆکاڵییەکانی شنگالیش بکەن لەپێناو دۆسیەی ئەمنی، ئیداریی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال".
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "خەڵکی شنگال زۆر لەمێژە بەدەست رکابەرایەتیی سیاسییەکانەوە دەناڵێنن، بۆیە کارکردنی دەست لەناودەست لەگەڵ کۆمەڵگەی شنگال دا تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دڵنیابن کە سەرکردایەتیی ناوچەکە بەتەواوەتی بەناوی شنگالەوە کار دەکەن، هەروەها لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە پۆلیسی فیدراڵی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق پێشڕەوی هەوڵەکان بکەن لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ شنگال."
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "رێککەوتنی شنگال دەستپێکێکی گرنگ بوو بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی لە جینۆسایدەکەی 2014 کە لەلایەن داعشەوە کرا، کرانە ئامانج، بەڵام رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا بەتەواوی جێبەجێ نەکراوە. دەبێت ئەو رێککەوتنە بە هاوئاهەنگی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان لەنێویاندا ئێزدییەکان جێبەجێ بکرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەن رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن و گوتی: "هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین لە جێبەجێکردنی بنەماکانی رێککەوتنی شنگال بەردەوام بن کە خۆی لە ئاسایش، بەڕێوەبردن و بنیادنانەوەی شنگال دەبینێتەوە".
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا.
رێککەوتنەکە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە لە شنگال، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی.
دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەوینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە خاڵەکانی دیکەی رێککەوتنەکەن.
رۆژی 23-7-2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتن پێشوازی لە ژمارەیەک کوردی ئێزدی کرد و لە کۆبوونەوە لەگەڵیاندا گوتی، "ئەمڕۆ لێرەین، پێش یادکردنەوەی 10 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدی، کریستیان و موسڵمانانی شیعە لەلایەن داعشەوە. جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، پاکتاوی ئیتنی دژی ئەو گرووپانە و گرووپەکانی دیکە کرا".
هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا بوو. هێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان لە تشرینی یەکەمی 2015دا شنگالی کۆنترۆڵکردەوە و 10-7-2017یش کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراقەوە راگەیێندرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هاوکارییەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ عێراق قسەی کرد و گوتی: "لەو ماوەیەدا (ساڵانی 2014-2017) نزیکەی 500 ملیۆن دۆلارمان خەرجکرد؛ سەرنجی هاوکارییەکەشمان لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە داعش زیانی گەورەی پێگەیاندن، ئەوە جگە لە دابینکردنی سەتان ملیۆن دۆلار بۆ ئەوانەی زۆریان پێویست بە هاوکاری هەیە".
ئەنتۆنی بلینکن گوتی، کاری باش کراوە، بەڵام زۆر کاری دیکە ماوە بکرێت و ئاماژەی بەوە کرد: "هێشتا زیاتر لە ملیۆنێک عێراقی لە ئاوارەییدا دەژین، لەنێویاندا نزیکەی 300 هەزار ئێزدی؛ هەروەها 2 هەزار و 600 ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن؛ سوورین لەسەر ئەوەی بیاندۆزینەوە و چارەنووسیان یەکلایی ببێتەوە و ئەوانەشی لە ژیاندا ماون، رزگار بکەین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر هاوکاریکرکردنی ئەو پێکهاتە و کۆمەڵگەیانەی لە لایەن داعشەوە زیانی گەورەیان پێگەیێندرا، هەروەها کاردەکات بۆ ئەوەی کەسانی ئەنجامدەری ئەو تراژیدییە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە و پابەندە بەوەوە رێگە نەدات داعش بەهێز بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ