رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووسیا رایدەگەیێنن، شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگرێک لە باشووری ئەو وڵاتە پێکیانداداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 140 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی فریاکەوتنی رووسیا رایگەیاند: "تیمەکانی فریاگوزاری کار لەسەر رێڕەوی دەرچوونی شەمەندەفەرەکە دەکەن. نۆ فارگۆنی شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوەکە دەرچوون و حەوتییان وەرگەڕاون".
لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت فارگۆنی شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوەکەیان دەرچوون و تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی رزگارکردنی سەرنشینانی نێو شەمەندەفەرەکەن.
لە هەرێمی ڤۆڵگۆگراد (ستالینگرادی پێشوو)ی باشووری رۆژئاوای رووسیا شەمەندەفەرێک و پاسێک پێکیاندادا؛ دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 140 کەسیش بریندار بوون. pic.twitter.com/lbvkae7yvR
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 29, 2024
ئەندرێ بۆکارۆڤ، پارێزگاری شاری ڤۆلۆگارد بە میدیای رووسیای گوت، شەمەندەفەرەکە نزیکەی 800 کەسی تێدابووە و لە شاری کازان بەرەو شارۆچکەی ئەدلەر لە باشووری رووسیا گەشتی کردووە.
ئاژانسی هەواڵیی رووسیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 30 کەس گەیێندراونەتە نەخۆشخانە، لەنێویاندا 15 منداڵ هەن.
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە، دامەزراوەی هێڵی ئاسنینی رووسیاش هۆکاری رووداوەکەی بۆ بارهەڵگرەکە گەڕاندووەتەوە.
بەگوتەی دامەزراوەی هێڵی ئاسنی رووسیا، "شۆفێری بارهەڵگرەکە یاساکانی هاتووچۆی پێشێلکردووە و چووەتە سەر رێڕەوی شەمەندەفەرەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ