رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی رووسیادا بۆ سەر ئۆکراینا، لانیکەم 20 کەس کوژراون و زیاتر لە 40ـی دیکەش برینداربوون.
بە گوتەی ئیڤان فیدۆرۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی هەرێمی زاپۆریژیا، رووسیا 8 هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکە و زیندانێکی کردووەتە ئامانج.
فیدۆرۆڤ لە تەلەگرام رایگەیاند: "16 کەس کوژران و 35 کەسی دیکەش برینداربوون." گوتیشی، بیناکە وێران بووە و زیان بەر ماڵەکانی نزیکیشی کەوتووە.
بە گوێرەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیی دنیپرۆپترۆڤسک، لە هێرشەکانی سەر ئەو هەرێمەشدا کوژراو و بریندار هەن.
سێرگی لیساک، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی هەرێمیی دنیپرۆپترۆڤسک لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر شاری کامیانسکی بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە و زیانیشی بە نەخۆشخانەیەک گەیاندووە.
لیساک ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی سینێلنیکیڤسکیی هەرێمەکە، کەسێکی دیکە کوژراوە و چەندین کەسیش برینداربوون.
لەبارەی هێرشێکی دیکەی شەوی دووشەممە بۆ سەر ڤیلیکۆمیخایلیڤسکا، لە پەیامێکی دیکەی تەلەگرامدا نووسیویەتی: "ژنێکی تەمەن 75 ساڵ کوژرا. پیاوێکی تەمەن 68 ساڵ برینداربوو. زیانیش بەر ماڵێک کەوت."
لە باشووری رووسیا، پارێزگاری هەرێمی رۆستۆڤ بە وەکالەت رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنیی ئۆکرایناوە ،کەسێک کوژراوە.
یوری سلیوسار، لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلێک لە شەقامی ئۆسترۆڤسکی زیانی بەرکەوتووە. بەداخەوە، ئەو شۆفێرەی تێیدا بووە گیانی لەدەستداوە."
کیێڤ هەوڵدەدات بەرپەرچی هێرشەکانی رووسیا بداتەوە، کە پێشڕەویی نوێی کردووە لەو ناوچانەی کە لە سەرەتای هێرشەکەی ساڵی 2022ـەوە تا رادەیەکی زۆر پارێزراو بوون.
رۆژی یەکشەممە، سوپای رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی "شارۆچکەی مالیێڤکایان لە دنیپرۆپترۆڤسک رزگار کردووە"، ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە یەکەم گوندیان لە هەرێمەکە کۆنترۆڵکرد.
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی "نزیکەی 10 بۆ 12 رۆژ"ـی دایە مۆسکۆ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکەی لەگەڵ ئۆکراینا، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ