رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی غەززە لە کاتی بەردانەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆیان، رادەکەن بۆ وەرگرتنی، بەڵام سەرەڕای برسێتییەکەیان، بە تەقە بڵاوەیان پێدەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئێمە ناوەندی خۆراک دادەمەزرێنین کە خەڵک بتوانن بچنە ژوورەوە و لەوێ خۆراکیان دەستبکەوێت. ئێمە دەتوانین ژیانی خەڵکێکی زۆر بپارێزین. مەبەستم ئەوەیە، هەندێک لەو منداڵانە، ئەوە برسێتیی راستەقینەیە، من دەیبینم و ناتوانیت ئەوە ساختە بکەیت، بۆیە ئێمە زیاتریش بەشدار دەبین."
لە 27ـی ئەم مانگەوە، ئیسرائیل رێگەی بە رەوانەکردنی هاوکاریی بۆ نێو غەززە دا. رۆژانە بۆ 10 کاژێر هاوکارییەکان دابین دەکرێن.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان تەواوی دانیشتووانی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسن، رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
نزیکەی 500 هەزاریان بەدەست برسێتی دەناڵێنن و تەنیا لە مانگی تەممووزدا نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ گەیاندنی هاوکارییەکان و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی پلانێکە بۆ داهاتووی غەززە، کە حەماس رۆڵی تێدا نەبێت.
ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەدات، "جەنگەکە زۆر درێژەی کێشاوە، دەبێت کۆتایی بێت. دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن و جێگە بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بکەنەوە."
محەممەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین باس لەوە دەکات، "پێویستە حەماس کۆتایی بە حوکمڕانیی خۆی لە غەززە بهێنێت و چەکەکانی رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی بکات."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە 60 ملیۆن دۆلاری بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە دابین کردووە و داواشی لە وڵاتانی ئەورووپا کرد ئەوانیش بەخۆیان بکەون و هاوکاری بۆ غەززەییەکان رەوانە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ