لە چین بارانی بەخوڕ و داڕمانی زەوی بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 کەس

29-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی چین رایگەیاند، بارانی بەخوڕ و لافاو بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 کەس و دامودەزگەکانیشی ناچارکردووە دەیان هەزار کەس بگوازنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لێزمەباران بەشێکی بەرفراوانی باکووری چینی گرتەوە و بووە هۆی داڕمانی زەوی.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی شینهوا رایگەیاند، بەرپرسانی کەشناسی، دووەم بەرزترین ئاستی هۆشدارییان بۆ بارانبارین دەرکردووە، کە پەکینی پایتەخت و پارێزگاکانی هێبێی و تیانجینی دراوسێی، هەروەها 10 پارێزگای دیکە لە باکوور، رۆژهەڵات و باشووری چین دەگرێتەوە.
 
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت بارانبارین تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام بێت.
 
شینهوا لە زاری بنکەی کۆنترۆڵکردنی لافاوی شارەوانیی پەکینەوە بڵاویکردەوە، تاوەکو نیوەشەوی رۆژی دووشەممە، "دوایین شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 30 کەس لە پەکین."
 
رۆژنامەی فەرمیی 'بەیجینگ دەیلی' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، تەنیا لە پایتەختی چین زیاتر لە 80 هەزار کەس گوێزراونەتەوە.
 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان لە میون بووە.
 
دانیشتوویەکی میون بەناوی جیانگ دەڵێت: "ئەمجارە بارانەکە بەشێوەیەکی نائاسایی بەخوڕ بوو، بە شێوەیەکی ئاسایی ئاوا نییە،" لەکاتێکدا لێشاو بە شەقامی بەردەمی ماڵەکەیدا دەڕۆیشت.
 
ئەو گوتیشی: "شەقامەکە پڕە لە ئاو، بۆیە خەڵک ناچن بۆ سەر کار."
 
لە گوندی شینانژوانگ، ئاوێکی لێڵ، ماڵ و ئۆتۆمبێل و رێگەیەکی سەرەکیی داپۆشیبوو. پیاوێکی ناوچەکە کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو، گوتی هەرگیز نەیبینیوە ئاو هێندە بەرزبێتەوە. 
 
دەرچەکانی ئاوی بەنداوی میون هاژەیان دەهات، کە بەرپرسان رایانگەیاند بەنداوەکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لەوەتەی لە ساڵی 1959ـەوە دروستکراوە.
 
میدیای فەرمی رایگەیاند، ناوچەکانی هوایرۆ لە باکووری شارەکە و فانگشان لە باشووری رۆژئاواش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
 
'بەیجینگ دەیلی' نووسیویەتی، دەیان رێگە داخراون و زیاتر لە 130 گوند کارەبایان نەماوە. رۆژنامەکە رایگەیاندووە: "تکایە ئاگاداری پێشبینی و هۆشدارییەکانی کەشناسی بن و مەچنە ناوچە مەترسیدارەکان، مەگەر پێویست نەبێت."
 
هەروەها رۆژی سێشەممە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی CCTV رایگەیاند، لە پارێزگای هێبێی، بەهۆی داڕمانی زەوییەوە لە گوندێکی نزیک شاری چێنگدێ، 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
 
رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی هێبێی رایگەیاند، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداریی لافاوی کتوپڕیان تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەرکردووە و شاری چێنگدێ و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژێر بەرزترین ئاستی هۆشداریدان.
 
"هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ"
 
شی جینپینگ، سەرۆکی چین درەنگی شەوی دووشەممە داوای لە بەرپرسان کرد پلانیان بۆ سیناریۆ هەرە خراپەکان هەبێت و بەپەلە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لە مەترسیی لافاودان، بگوازنەوە. 
 
'بەیجینگ دەیلی' نووسیویەتی، بەرپرسانی ناوچەکە "هەموو هەوڵێکیان خستووەتەگەڕ بۆ گەڕان و رزگارکردنی بێسەروشوێنەکان و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکان."
 
تەلەڤزیۆنی CCTV رۆژی سێشەممە رایگەیاند، حکومەت بڕی 350 ملیۆن یوان (49 ملیۆن دۆلار)ی بۆ بەدەمەوەچوونی کارەساتەکان تەرخانکردووە لە 9 ناوچەدا کە بارانی بەخوڕ لێیداون.
 
ئەم ناوچانەش بریتین لە باکووری پەکین، تیانجین، هێبێی، شانشی، شانسی، مەنگۆلیای نێوخۆ، جیلینی باکووری رۆژهەڵات، شاندۆنگی رۆژهەڵات و گوانگدۆنگی باشوور. تەلەڤزیۆنەکە رایگەیاند، بڕی 200 ملیۆن یوانی دیکەش بۆ پایتەخت تەرخانکراوە.
 
لە ساڵی 2023دا، بارانی بەخوڕ بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 80 کەس لە سەرانسەری باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی چین، لەنێویاندا لانیکەم 29 کەس لە هێبێی، کە لافاوی گەورە ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی وێران کرد.
 
کارەساتە سرووشتییەکان لە سەرانسەری چیندا باون، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کە هەندێک ناوچە بارانی بەخوڕ بەخۆیانەوە دەبینن، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە لە گەرمایەکی تاقەتپڕووکێندا دەسووتێن.
 
چین گەورەترین دەردەری ئەو گازە گەرمکەرانەیە لە جیهاندا کە زانایان دەڵێن هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوان و وادەکەن کەشوهەوای نالەبار زیاتر و چڕتر ببێتەوە.
 
بەڵام لە هەمانکاتدا، چین زلهێزێکی جیهانییە لە بواری وزەی نوێبووەوەدا و ئامانجی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2060 ئابوورییە زەبەلاحەکەی لە کاربۆن بە تەواوی پاک بکاتەوە.
 
ئەم مانگە، لافاوی کتوپڕ لە پارێزگای شاندۆنگی رۆژهەڵات بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و بێسەروشوێنبوونی 10 کەسی دیکە.
 
هەروەها ئەم مانگە، داڕمانی زەوی لەسەر رێگەیەکی سەرەکی لە پارێزگای سیچوان بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا