رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملین ئەمڕۆ رایگەیاند، خوازیاری ئاشتییە لە ئۆکراینا، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەنجامدانی چەند هێرشێک هات کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 25 کەس، لەنێویاندا ژنێکی دووگیانی 23 ساڵان و زیاتر لە 12 زیندانی هەبوون.
هێرشەکان چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی نوێی 10 بۆ 12 رۆژیی بۆ رووسیا دیاریکرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای نوێ دەبێتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رووسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "بە مەبەست" زیندانێکی لە هەرێمی زاپۆریژیا کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی 16 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
لەبارەی هێرشەکەی رووسیا، زیلینسکی نووسیویەتی، "ئەوە هێرشێکی بە مەبەست بوو، هەڵە نەبوو. ناکرێت رووسەکان ئاگاداری ئەوە نەبن کە خەریکی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیلن لەو دامەزراوەیەدا."
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ئەمڕۆ لە مۆسکۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سوپای رووسیا هێرش ناکاتە سەر ئامانجە سڤیلەکان."
پێسکۆڤ هەروەها گوتیشی، مۆسکۆ "تێبینیی" مۆڵەتە نوێیەکەی ترەمپی کردووە و "پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی ململانێی ئۆکراینا و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانمان."
تاوانەکانی جەنگ
وەزارەتی دادی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا بە چوار بۆمب هێرشیان کردووەتە سەر زیندانەکە. پۆلیسش دەڵێت 16 زیندانی کوژراون و 43ی دیکە بریندار بوون.
بەپێی ئەو وێنانەی وەزارەتەکە بڵاویکردوونەتەوە، خشت و پاشماوە و پەنجەرە شکاوەکان بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی راگەیاندووە، دیواری دامەزراوەکە وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ مەترسییەک نییە کە زیندانییەکان هەڵبێن.
دمیترۆ ئازارۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری زیندانەکە رایگەیاند، "هەموو هاوکارییەکی پێویست پێشکێشی زیندانییەکان کراوە."
سەرچاوەیەکی باڵای ئۆکراینی گوتی، 274 کەس لە زینداکە سزاکەیان بەسەر دەبرد، هەروەها ئەوەیشی راگەیاندووە کە هیچ دیلێکی رووسی لە زیندانەکە نەبوون.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا شەوی رابردوو 37 درۆن و دوو مووشەکیشی هاویشتووە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان 32 درۆنی خستووەتە خوارەوە.
هێرشێک نەخۆشخانەیەکی لە شارۆچکەی کامیانسکی لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک کردووەتە ئامانج و 22 کەسی بریندار کردووە.
ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە ئێکس نووسی، "پووتین ئاگربەست رەتدەکاتەوە، خۆی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکان دەدزێتەوە و جەنگ درێژ دەکاتەوە."
وەزیری دەرەوەی رووسیا داوای لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی کرد، سزای ئابووری زیاتر بەسەر مۆسکۆ بسەپێنن.
بەرپرسانی هەرێمی خارکیڤ لە رۆژهەڵاتی ئۆکرایناش دەڵێن، هێرشێکی رووسیا بووەتە هۆی کوژرانی شەش کەس لە هەرێمەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ