جیهان
ژمارەیەک کۆچبەر لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە ئاوێک و گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی یۆنان ئاماژە بەوە دەکەن، دوو بەلەمی کۆچبەران لە دوورگەکانی یۆنان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا ژێرئاو کەوتوون و بەو هۆیەوە پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە چواریان منداڵن.
رۆژی سێشەممە 29ی ئابی 2023 پاڤلۆڤ ماریناکیس، گوتەبێژی حکومەتی یۆنان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، رۆژی دووشەممە یەکێک لە بەلەمەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی دوورگەی لێسبۆسی یۆنان ژێرئاو کەوتووە و بەو هۆیەش کەسێک گیانی لەدەستداوە و 18 کەسی دیکەش کە لەنێو بەلەمەکە بوون، رزگار کراون.
بە گوتەی پاڤلۆڤ، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران لە دوورگەی لێسبۆس ژێرئاو کەوتووە، کە 75 کەسی تێدا بووە و بەو هۆیەشەوە چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
چەندین ساڵە یۆنان خاڵێکی سەرەکیی گەیشتنی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقیا و ئاسیا بووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب زیاتر لە 15 هەزار و 600 کۆچبەر لە رێگەی دەریایی و وشکانییەوە گەیشتوونەتە یۆنان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، زیاتر لە 12 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئامارەکانی حکومەتی یۆنانیش ئەوە دەردەخەن، تەنیا لە مانگی ئابدا 1100 کۆچبەر و لە مانگی تەممووزدا 750 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەشت مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی 1000 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ