رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایدەگەیێنێت، هەفتەکانی داهاتوو "دەرفەتێک" دەڕەخسێنن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەورووپییەکان وادەیەکی 30 رۆژەیان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دیاریکرد.
رۆژی هەینی 29ی ئابی 2025 کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل گوتی، "ئێمە دەچینە قۆناخێکی نوێ بەم 30 رۆژە، کە ئێستا دەرفەتمان پێدەدات بۆ دۆزینەوەی دەرچەی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرێک."
ئەو بەرپرسە ئەورووپییە هەروەها گوتی، "ئێمە ئەم 30 رۆژەمان هەیە بۆ رێکخستنی کارەکان."
دوای نەگەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رۆژی پێنجشەممە، پرۆسهیەکی 30 رۆژهیان بۆ سهپاندنهوهی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسهر ئێران دا دهستپێکرد.
میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەندێکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربووێکی رێککەوتنەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین یان ئەڵمانیا، پێیوابوو ئێران رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەتوانێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆئەوەی دوای 30 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێندرێنەوە سەر ئێران.
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویستی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، بۆیە چین و رووسیا، کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن ڤیتۆی بکەن.
تاکە رێگە بۆ رێگری لە گەڕانەوەی سزاکان ئەوەیە، لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رازی بکات میکانیزمەکە رابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە.
ئێران هۆشداریی دا کە "وەڵامێکی گونجاو" بۆ ئەم هەنگاوە دەداتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، 30 رۆژی داهاتوو "دەرفەتە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، نابێت پرسی ئەتۆمیی ئێران زیاتر بخایێنێت، بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە "کۆتایی دیپلۆماسی نییە."
لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بڕیاری ئەورووپییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان لەسەر بنەمای یاسایی یان بڕیارێکی دروستەوە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای گوێڕایەڵییانە بۆ ئەمریکا، کە تێکدەر و پێشێلکاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ