رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، مۆسکۆ نزیکەی 100 هەزار سەربازی لە نزیک پۆکرۆڤسک، شارە سەرەکییەکەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە وڵاتەکەدا چەقیان بەستووە.
زیلینسکی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، دۆخی ناوچەی پۆکرۆڤسک "ئەمڕۆ جێگەی زۆرترین نیگەرانییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رووسیا "نزیکەی 100 هەزار سەربازی لەوێ کۆکردووەتەوە. ئەمە ئەو زانیارییەیە کە تاوەکو ئەم بەیانییە لەبەردەستماندایە. ئەوان لە هەر دۆخێکدا خۆیان بۆ هێرشبردن ئامادە دەکەن"؛ هەروەها گوتی، هێزەکانی ئۆکراینا کاردەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رووسیا لە ناوچەی سوومی لە سنووری باکووری رۆژهەڵات.
پۆکرۆڤسک کە پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 60 هەزار کەس بوو، بە ناوەندێکی لۆجستیی گرنگ بۆ هێزەکانی ئۆکراینا دادەنرێ و دەکەوێتە سەر چواڕیانی چەندین رێگەی سەرەکیی ناوچەکە.
چەند مانگێکە هێزەکانی رووسیا لە سێ لاوە لە شارەکە نزیک دەبنەوە و ئێستا کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لێیەوە دوورن.
زیلینسکی هەفتەی رابردوو رایگەیاند، مۆسکۆ لەو بەشەی هەرێمی زاپۆریژیا کە کۆنترۆڵی کردووە، لە باشووری ئۆکراینا هێز کۆدەکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرش.
سوپای رووسیا کە 20٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە، زیاتر لە دوو ساڵە پێشڕەوییەکانی لە رۆژهەڵات خاوبوونەتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا خێراتر بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە دەیەوێ بە زووترین کات کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت و داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کردووە کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن، بەڵام دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
ئۆکراینا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە کاتکوشتن تۆمەتبار دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هێرشەکان بدات و خۆی بۆ هێرشی نوێ لە بەرەکانی جەنگ ئامادە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ