رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا و ئەڵمانیا کە دوو ئەندامی سەرەکیی یەکێتیی ئەورووپان، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، دوای هێرشە ئاسمانییە "بەرفراوانەکانی" ئەم دواییەی رووسیا، یارمەتیی زیاتری بەرگریی ئاسمانی پێشکێشی ئۆکراینا دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "فەرەنسا و ئەڵمانیا بەرگریی ئاسمانیی زیاتر دەدەنە ئۆکراینا". ئەمە دوای ئەوە هات کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا میوانداریی فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیای بۆ سەردانێکی باشووری فەرەنسا کرد.
هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، "سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییە چڕەکان، رووسیا هیچ نیازێکی نییە کۆتایی بە جەنگی داگیرکاریی خۆی بۆسەر ئۆکراینا بهێنێت."
رۆژی پێنجشەممە، رووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤ و لانیکەم 23 کەس کوژران کە چواریان منداڵ بوون و نزیکەی 50 کەسی دیکەش برینداربوون.
پاریس و بەرلین هەروەها باس لەوە دەکەن، فەرەنسا کە تاکە هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمییە لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا، لەگەڵ ئەڵمانیا "گفتوگۆی ستراتیجی" لەبارەی بەرگریی ئەتۆمییەوە دەستپێدەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان.
بە گوتەی خۆیان، ئامانج لەمە "گەشەپێدانی کولتوورێکی ستراتیجیی هاوبەش و زیاتر بەیەکەوەبەستنەوەی ئامانج و ستراتیجە ئەمنی و بەرگرییەکانمانە."
هەروەها هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوەشکرد کە بەرگریی ئەتۆمی "بەردی بناخەی" ئاسایشی ناتۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ