رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، لەنێو 27 ئەندامەکەی یەکێتییەکە "پشتیوانییەکی بەرفراوان" بۆ مەشقکردن و راهێنانکردن لەنێو ئۆکراینادا بە سوپای کیێڤ هەیە، ئەمە ئەگەر ئاگربەستێک لەگەڵ رووسیادا واژۆ بکرێت.
یەکێتیی ئەورووپا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80,000 سەربازی ئۆکراینی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە راهێناوە، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی لە رووبەڕووبوونەوەی جەنگی رووسیا.
رۆژی هەینی 29-08-2025 کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، دەکرێت هەنگاوەکە بەشێک بێت لە گەرەنتییە ئەمنییە فراوانترەکانی رۆژئاوا کە دەدرێتە ئۆکراینا، ئەوەش بۆ یارمەتیدان لە پتەوکردنی هەر ئاگربەستێک کە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیادا رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
کالاس دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپادا گوتی، "پێشوازی لەوە دەکەم کە ئەمڕۆ پشتیوانییەکی بەرفراوان هەیە بۆ فراوانکردنی ئەرکی نێردەی سەربازیی یەکێتیی ئەورووپا، بۆ دابینکردنی راهێنان و راوێژکاری لەنێو ئۆکراینادا."
گوتیشی، "پێویستە ئامادەبین کاری زیاتر بکەین. ئەمە دەکرێ دانانی راهێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەکادیمیا و دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکراینا لەخۆبگرێت."
وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، زلهێزانی رۆژئاوا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی گەرەنتیکردنی ئاسایشی ئۆکراینا دەکەن لە ئەگەری رێککەوتنێکی ئاگربەستدا.
سەرەڕای ئەوەی کە ترەمپ قورسایی خۆی خستووەتە سەر هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، مۆسکۆ بەردەوامە لە بۆردوومان و هێرشەکانی، لەنێویاندا هێرشی کوشندە بۆ سەر کیێڤ کە تەنیا دوێنێ بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 19 کەس.
کالاس گوتی، "هەفتەکانی رابردوو هەوڵی دیپلۆماسیمان بینی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا. روونە کە ئەورووپا ئاشتی دەوێ، ئەمریکا ئاشتیی دەوێت، ئۆکراینا ئاشتی دەوێ، ئەوەی ئاشتی ناوێ رووسیایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ