رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئەگەر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادە نەبێت چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بکەوێت، ئەوا واتای ئەوەیە "یاریی" بە دۆناڵد ترەمپ کردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا هیوای خواست پووتین رازی بێت کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو لەگەڵ زیلینسکی بکات، بۆئەوەی دانوستاندن لەسەر ئاشتی بکەن.
بەڵام گوتیشی، ئەگەر سەرۆکی رووسیا تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو رازی نەبێت گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی بکات، "ئەوە جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت سەرۆک پووتین یاریی بە سەرۆک ترەمپ کردووە."
ماکرۆن هەروەها هۆشداریی دا، فەرەنسا گوشارەکانی زیاد دەکات بۆ سەپاندنی "سزای سەرەتایی و لاوەکیی" نوێ بەسەر مۆسکۆ و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا.
قسەکانی ماکرۆن لە کاتێکدان، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا چەقیان بەستووە.
جەنگەکە لە شوباتی ساڵی 2022 بە هێرشی رووسیا دەستیپێکرد.
ترەمپ لە سەرەتای دووەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا هەنگاوی نا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ.
ماکرۆن دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە باشووری فەرەنسا گوتی: "پێم وایە ئەمە بۆ هەموومان شتێکی باش نییە. ئەمە نابێت بێ وەڵام بمێنێتەوە".
هەروەها گوتی، هەردوولا لە کۆتایی هەفتەدا پەیوەندیی تەلەفۆنیی نوێیان لەگەڵ ترەمپ دەبێت.
ماکرۆن گوتیشی، "هیوادارم [دیداری نێوان پووتین و زیلینسکی] بکرێ، بەڵام ئەگەرنا... ئێمە گوشار دەکەین بۆ سەپاندنی سزای سەرەتایی و لاوەکی کە گوشار دەخاتە سەر رووسیا و ناچاری دەکات بێتە سەر مێزی دانوستاندن."
ماکرۆن هەروەها هیچ پەشیمانییەکی نیشان نەدا لەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا پووتینی وەک "دێوێک لە بەردەرگاکانمان" ناو برد کە ئەو قسەیە مۆسکۆی تووڕە کرد.
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، "ئێمە دەڵێین دێوێک لە بەردەرگاکانی ئەورووپا هەیە. ئەمە هەمان ئەو هەستەیە کە جۆرجییەکان و ئۆکراینییەکان و چەندین گەلی دیکە زۆر بە قووڵی هەستی پێدەکەن."
گوتیشی، "ئەو پیاوێکە کە بڕیاری داوە رێگەیەکی ستەمکارانە بگرێتەبەر و بۆ گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان ئیمپریالیزم بسەپێنێت."
دوای هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی رۆژی پێنجشەممەی رووسیا بۆ سەر کیێڤ، ماکرۆن هۆشداری دا کە پووتین خووی ئەوەی گرتووە لە گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکاندا شتێک بڵێ و لە راستیدا شتێکی دیکە بکات.
ماکرۆن گوتی، "جیاوازیی نێوان هەڵوێستەکانی سەرۆک پووتین لە لووتکە نێودەوڵەتییەکان و راستییەکانی سەر زەوی، ئەوە نیشان دەدات کە چەندە ناڕاستگۆیە."
هاوکات مێرتس گوتی، شەڕی رووسیا دژی ئۆکراینا رەنگە "چەندین مانگی دیکەش" بەردەوام بێت و گوتیشی، هیچ "وەهمێکی" نییە جەنگەکە خێرا کۆتایی بێت.
سەرکردە ئەڵمانییەکە بەڵێنی دا "واز لە ئۆکراینا نەهێنین" بەڵام گوتی، وا دەردەکەوێ پووتین "هیچ ئامادەییەکی" تێدا نییە چاوی بە زیلینسکی بکەوێت.
مێرتس گوتیشی، "راشکاوانە بڵێم، ئەمە تووشی سەرسوڕمانم ناکات، چونکە ئەمە بەشێکە لە ستراتیجیی سەرۆکی رووسیا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ