رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایدەگەیێنن، بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیاوە دوو کەس لە دنیپرۆپێترۆڤسک گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لەوەی کیێڤ بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا کە رووسیا بەرەو ئەو ناوچەیە پێشڕەوی دەکات.
رۆژی هەینی، 29ـی ئابی 2025، سێرهی لیساک، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک، لە تەلەگرام نووسی، "بەداخەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا، پیاوێک و ژنێک. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵم ئاڕاستەی کەسوکارەکەیان دەکەم."
لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، دنیپرۆپێترۆڤسک تا رادەیەکی زۆر لە شەڕی چڕ و پێکدادانی قورس پارێزرابوو، بەڵام کیێڤ رۆژی سێشەممە دانی بەوەدانا کە سەربازانی رووسیا چوونەتە ناوچەکە، بەرپرسانی مۆسکۆش مانگی رابردوو رایانگەیاندبوو بەرەو ناوچەکە پێشڕەویان کردووە.
لیساک گوتی، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە ژنێکی تەمەن 50 ساڵ لە شارۆچکەی سینێلنیکی بریندار بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشێک بۆ سەر شاری دنیپرۆ دوو کەس بریندار بوون، لەنێویاندا پیاوێکی تەمەن 46 ساڵ هەیە کە تەندروستیی ناجێگیرە.
دنیپرۆپێترۆڤسک یەکێک نییە لەو پێنج ناوچەیەی ئۆکراینا کە رووسیا بە ئاشکرا بانگەشەی لکاندنیانی بەخۆیەوە دەکات، بەڵام رایگەیاندووە چەند شارۆچکەیەکی ئەوێی کۆنترۆڵ کردووە.
رووسیا گوشارە سەربازییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگ زیاتر کردووە و سەرکردەکانی جیهانیش هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە.
هێزەکانی رووسیا وردە وردە پێشڕەوی دەکەن و تاوەکو دێت لە هێڵە بەرگرییە سەرەکییەکانی ئۆکراینا نزیکتر دەبنەوە.
ئەم پێشڕەوییانەی رووسیا لە کاتێکدایە، هیواکان بۆ بەستنی لووتکەیەک لەنێوان سەرۆکانی رووسیا و ئۆکراینا کەمبوونەتەوە؛ چارەسەرێک کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە، بانگەشەی بۆ دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ