ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئێران بەجێبهێڵن

29-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد ئێران بەجێبهێڵن، ئەوەش کەمتر لە رۆژێک دوای ئەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانیان دژی ئێران کارا کردەوە.

رۆژی هەینی، 29ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هانی هاووڵاتییانمان دەدەین، کە ئێران جێبهێڵن."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەبەر ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە رابردوودا بەردەوام هەڕەشەی لێکەوتەیان کردووە، ناتواندرێت ئەوە رەتبکرێتەوە کە رێوشوێنی وەڵامدانەوەی ئێران کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا نابێت."
 
وەکو وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باسی دەکات، "مەترسییەکی راستەقینە هەیە بۆ هاووڵاتیانی ئەڵمانیا کە بەبێ هۆکار دەستگیربکرێن، دادگایی بکرێن و سزای درێژخایەنیان بەسەردا بسەپێنرێت." 
 
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئەو مەترسییە بە تایبەتی لەسەر ئەو کەسانەیە کە خاوەنی دوو ناسنامەن. دەشڵێت: "لە ماوەکانی رابردوودا چەندین هاووڵاتیی خاوەن ناسنامەی بیانی لەو وڵاتە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکراون."
 
بە گوتەی وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران "ئێستا تەنیا دەتوانێت هاوکاری سنووردار پێشکێش بکات."
 
دوای نەگەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، هەریەکە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە، پرۆسه‌یەکی 30 رۆژه‌یان بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی سزا نێودەوڵەتییەکان بە‌سه‌ر ئێران دا ده‌ستپێکرد.
 
میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەندێکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربووێکی رێککەوتنەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین یان ئەڵمانیا، پێیوابوو ئێران رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە، دەتوانێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی دوای 30 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێندرێنەوە سەر ئێران.
 
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بە گوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، بۆیە چین و رووسیا، کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن ڤیتۆی بکەن.
 
تاکە رێگە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکان ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رازی بکات کە میکانیزمەکە رابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە.
 
ئێران هۆشداری دا کە "وەڵامێکی گونجاو"ـی بۆ ئەم هەنگاوە دەبێت. نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە 30 رۆژی داهاتوو "دەرفەتە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.