رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بڕیاری دا چیدیکە پاسەوانی فیدراڵی کامالا هاریس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا نەپارێزن.
پاسەوانی فیدراڵی سەر بە فەرمانگەی کاروباری نهێنییە (Secret Service) کە یەکێک لە ئەرکەکانی بریتییە لە پاراستنی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا.
رۆژی هەینی 29-08-2025 میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیدارەکە بڕیاری درێژکردنەوەیەکی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو کاتەوە بۆ هاریس پەسند کرابوو.
یاریدەدەرێکی باڵای هاریس رایگەیاند: "هاریس سوپاسگوزاری خزمەتگوزاریی پاسەوانی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ پیشەییبوون، دڵسۆزی و پابەندبوونی بێوچانیان بە ئاسایشەوە."
لە کاتێکدا لە دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکاندا کەمتر دەرکەوتووە، بڕیارە هاریس ئەم پاییزە گەشتێک دەستپێبکات بۆ بانگەشەکردن بۆ کتێبێک کە لەسەر هەڵمەتی سەرۆکایەتییە شکستخواردووەکەی نووسیویەتی. ئەم گەشتە ناچاری دەکات زۆر جار لەبەرچاوی خەڵک دەربکەوێت.
کتێبەکەی هاریس ناوی "107 رۆژ"ـە و لە 23ـی ئەیلول لە ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکی رابردووەوە، ترەمپ ژمارەیەک رێکاری دژی نەیارە سیاسییەکانی گرتووەتەبەر.
ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی ئەمنی لە بەرپرسان و بەرپرسانی پێشووی دیکە سەندووەتەوە، ئەو کۆمپانیا یاساییانەی کردوونەتە ئامانج کە لە دۆسیەکانی پێشوودا دژی ئەو تێوەگلابوون و بودجەی فیدراڵیی لە زانکۆکان بڕیوە.
هەفتەی رابردوو، بریکارەکانی FBI هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و نووسینگەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی و یەکێک لە سەرسەختترین رەخنەگرانی ترەمپ، لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە بەرپرسان رایانگەیاند پەیوەندیی بە بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ