رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دەیەیەک دوای گەیشتنی بە ژاپۆن لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی، عەلی لە دوو بەرەوە دەجەنگێت، بەرەیەک داواکارییەکەیەتی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری، بەرەی دووەمیش زیادبوونی دژایەتیکردنی ژاپۆنییەکانە دژی خێزانەکەی و کوردانی دیکەی دانیشتووانی ژاپۆن.
عەلی پەناخوازێکی باکووری کوردستانە و رووی لە ژاپۆن کردووە. لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ تورکیا و دیپۆرتکردنەوەی، یانیش بەهۆی بێزاربوونی لە ژیانی ژاپۆن، بە رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیی گوتووە، "پێم باشترە بمرم و نەگەڕێمەوە تورکیا، بەڵام ژیان لێرەش هەر خراپتر دەبێت. دەبینم دراوسێ ژاپۆنییەکانمان، رۆژانە لەگەڵمان زۆر ساردن. تەنانەت هەندێکیان سڵاویشمان لێناکەن."
عەلی دەردەدڵی زیاتر دەکات و دەڵێت، "منداڵەکانمان لە قوتابخانە ناوناتۆرەیان لێدەنرێت، منداڵانی دیکە یارییان لەگەڵ ناکەن، پێموایە ئەمە رەنگدانەوەی دۆخە گشتییەکەی ژاپۆنە."
لە مانگی تەممووزدا، کوڕەکانی عەلی لە پارکێکی نزیک ماڵەکەیان لە شاری کاواگوچی، نزیک تۆکیۆی پایتەخت، یارییان دەکرد کاتێک پیاوێک لێیان نزیک دەبێتەوە، بە گوتەی عەلی کە بە پۆلیسی راگەیاندووە، پیاوەکە هێرشی کردووەتە سەر منداڵە بچووکەکەی، کە قوتابیی قۆناخی سەرەتاییە و، دەموچاوی شکاندووە.
پاشان بە ژاپۆنی هاواری بەسەر منداڵەکەیدا کردووە و پێی گوتووە، "بیانییەکان، بگەڕێنەوە وڵاتەکەتان!"
چەند هەفتەیەک دوای ئەو رووداوە، عەلی رووبەڕووی پیاوەکە بووەتەوە، کاتێک دووبارە لە پارکەکە دەیبینێتەوە و پرسیاری لێدەکات تاوەکو بزانێت بۆچی هێرشی کردووەتە سەر کوڕەکەی؟ پیاوەکە رەتیکردەوە بە ئەنقەست لە منداڵەکەی دابێت، بەڵام دەشڵێت، "ئەگەر یاسا نەبووایە، هەمووتانم دەکوشت."
ئەو هێرشە نوێترین رووداوی توندوتیژییە لە زنجیرە هێرشەکانی ئەمدوایەی دژی پەناخوازان و پەنابەرانی کورد لە ژاپۆن، ئەمەش کۆمەڵەی کوردانی ئەو وڵاتەی بێزار و نیگەران کردووە.
ژمارەی دانیشتووانی پەنابەرانی ژاپۆن لە سەرەتای ساڵدا گەیشتە ریکۆردێکی نوێ، کە 3.8 ملیۆن کەسن و کەمتر لە 3%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن.
پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی دانیشتوان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ژاپۆنی، پێشبینیی کردووە رەنگە تاوەکو ساڵی 2070 پەنابەران 10%ی ژمارەی دانیشتووانی ژاپۆن پێکبهێنن.
ئێستا هەروەکو وڵاتانی ئەمریکا و ئەورووپا، پرسی کۆچبەران بووەتە پرسێکی گەرمی کۆمەڵگەی ژاپۆنی، بەتایبەتییش ئێستا بووەت مژارێکی سەرەکیی هەڵبژاردن. چاوەڕوان دەکرێت پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی ژاپۆن (LDP) دەنگێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بهێنێت، سەرۆکی پارتەکەش ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵاتەکە.
ئەو پارتە هەڵوێستێکی تووندی لەسەر پرسی کۆچبەران هەیە، بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشیان بریتییە لە "سفرکردنەوەی کۆچبەری نایاسایی، سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران و دڵنیابوون لە تێکەڵبوونێکی کۆمەڵایەتیی باشتر."
عەلی و خێزانەکەی لەو کوردانەن لە نێوەڕاستی 1990ـەکانەوە لە تورکیا، ئێران و وڵاتانی دیکە هەڵاتوون. ژمارەیەکی زۆریان لە شاری کاواگوچی نیشتەجێ بوون؛ ئەوان دەڵێن، لە سەرەتادا لەگەڵ دراوسێ ژاپۆنییەکانیان زۆر بە باشی تێکەڵ بوون.
وەقاس چۆلاک، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی - ژاپۆنی، لەبارەی دیاردەی زیادبوونی تووندوتیژی بەرامبەر کۆچبەران و پەنابەرانی کورد لەو وڵاتە، دەڵێت، "ئەوکات لەگەڵ یەک زۆر باش بووین و تێکەڵ بووین. چالاکیی زۆریان بۆ رێکخستین و هەوڵیاندا ئاشنای کولتوور یەکدی ببین."
بەڵام وەقاس دەڵێت، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی پەنابەران، دۆخەکە گۆڕا و لە ساڵی 2023 خراپتر بوو، کاتێک حکومەتی ژاپۆن یاسای کۆنترۆڵی کۆچبەرانی هەموار کرد، بۆئەوەی رێگە بە دەسەڵاتداران بدات کۆچبەران دیپۆرت بکەنەوە کە چاوەڕێی بڕیاری داواکاریی مافی مانەوەیان دەکەن، بەڵام بە مەرجێک سێ جار داواکارییان پێشکێش کردبێت.
زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرەکان، بیری هەندێک لە دانیشتووانی شار و شارۆچکەکانی ژاپۆنی گۆڕیوە، گرووپە راستڕۆکانیش ئەو دەرفەتەیان قۆستووەتەوە.
نزیکەی 30 هەزار کەس لە کۆی 670 هەزار دانیشتووی شاری کاواگوچی، کوردن. ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی کورد لە بواری بیناسازیدا کار دەکەن، ژمارەیەکی دیکەشیان لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کار دەکەن.
تاتسوهیرۆ نوکویی، کە چالاکڤانێکی ژاپۆنییە و رێکخراوێکی تایبەت بە هاوکاریکردنی کۆچبەرانی هەیە، رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەم شەپۆلی دژایەتیکردنە، دەگەڕێتەوە بۆ رووداوێکی ساڵی 2023، کاتێک دوو پەنابەری کورد شەڕیان بوو، شەڕەکەش بووە هۆی ئەوەی شەڕێکی گەورە لەنێو ئەو شارەی ژاپۆن رووبدات.
نوکویی لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەمە رقێکی زیاتری بەرامبەر کۆچبەران بەدوای خۆیدا هێنا."
ئێستا عەلی چاوەڕێی بڕیارێکە لەسەر سێیەم داواکارییەکەی بۆ مافی پەنابەری و دەڵێت، ئەو و خێزانەکەی ناتوانن چیدی بە سەلامەتی لە تورکیا بژین، بەڵام ئێستا ژاپۆن مافی پەنابەری بە کورد نادات و ساڵی رابردوو تەنیا مافی پەنابەریی بە 190 پەناخواز داوە، کە زۆربەیان لە ئەفغانستانەوە چووبوون.
عەلی کە کوڕە بچووکەکەی لە ژاپۆن لەدایکبووە، رەنگە ئەمەش هاوکاریی کەیسەکەی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێت نیگەرانییەکەی بشارێتەوە.
عەلی گفتوگۆی خۆی و هێرشکارەکەی سەر کوڕەکەی لە مۆبایلەکەیدا تۆمار کردووە و دەڵێت، کوڕەکەی لەدوای هێرشەکە تووشی شۆک بووە، "شەوانە لە خەو رادەبێت، وا هەست دەکات ئەو پیاوە دێت بۆ کوشتنی. منداڵەکانم زۆر دەترسن و ناچنە دەرەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ