وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: هیچ وڵاتێکی ناتۆ بەتەنیا جێناهێڵین

29-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، هیچ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ بەتەنیا جێناهێڵن، کە رووسیا هەڕەشەی لێ بکات.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی ئەیلوولی 2025، یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ هاوتا پۆڵەندی و فەرەنسییەکەی رایگەیاند، "رووسیا دەیەوێت تاقیمان بکاتەوە و ئاژاوەمان لەنێودا دروستبکات". دەشڵێت، "ئەمە مەترسیدارە و پێویستە بە روونی و یەکگرتوویی وەڵامی بدرێتەوە". 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی، هاوپەیمانیەتی ناتۆ "هەموو بستێکی خاکی هاوپەیمانییەکە دەپارێزێت و هیچ ئەندامێک بەتەنیا جێناهێڵدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان". 
 
لە سەرەتای ئەیلوولەوە، هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا، رۆمانیا، ئیستۆنیا و دانیمارک، رووسیایان بە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان تۆمەتبار کرد، هەرچەندە مۆسکۆ تۆمەتەکانی رەتکردنەوە. 
 
پێش جێهێشتنی پۆڵەندا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "بەیەکەوەین، ئارامین و رێگە بەخۆمان نادەین رابکێشرێیینە نێو زیادبوونی ئاڵۆزییەکانەوە".
 
ئەو گوتانەی وەزیرە ئەڵمانییەکە لەکاتێکدان، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پلانێکیان راگەیاندووە بۆ بەهێزکردنی پاسەوانی ئاسمانی بە ناردنی فڕۆکەی زیاتر بۆ باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە