رووداو دیجیتاڵ
ئێستا خێرت ڤیڵدەرز بووەتە کەسایەتییەکی سیاسیی کاریگەری هۆڵەندا، بنەمای سەرەکیی بەهێزبوونی پێگەی خۆی و پارتەکەی بۆ دژایەتیی کۆچبەران و پەناخوازان لە وڵاتەکەیدا دەگەڕێتەوە.
ساڵی 2019، 13.2٪ـی دانیشتووانی هۆڵەندا پەنابەر و پەناخواز بوون، ئێستا رێژەکە 16٪ـە.
گریت ڤیڵدەرز، سەرۆکی پارتی بۆ ئازادی دەڵێت: "ئایا دەبێ بەردەوام بین لە سیاسەتی کردنەوەی سنوورەکان و ئیدی هەموان بێنە هۆڵەندا؟ ئایا دەبێ هۆڵەندا ببێتە سەنتەری پەناخوازان؟ ئایا هۆڵەندییەکان کەسانی نەناسراویان لە شار، گوند و گەڕەکەکانیان دەوێ؟ پێتان دەڵێم، پێویستە یەکگرتووبین".
بەهێزبوونی هەستی دژە کۆچبەران، ئاستەنگی بۆ پەناخواز و پەنابەران دروستکردووە.
بە گوێرەی نووسینگەی یۆرۆستاتی تایبەت بە ئاماری یەکێتیی ئەورووپا، پار 18٪ی پەنابەر و پەناخوازانی هۆڵەندا رووبەڕووی رەگەزپەرستی بوونەتەوە کە بەرزترینە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا.
پالواشا حەمزاد، بەربژێری سەوزەکانە و دەڵێت، "جیاوازیی روون لەنێوان هۆڵەندای ئەمڕۆ و پێشتردا دەبینم. رەگەزپەرستی و جیاکاری زیادیکردووە. هەموو شتێک گۆڕاوە."
جیاوازیی گەورەی نێوان پارتە سیاسییەکان نیگەرانی لای هاووڵاتییانیش دروستکردووە.
هاووڵاتییەک دەڵێت، "پێم وایە ئەوەی دەیبینین لە راپرسییەکان ئەوەیە کە پارتی بۆ ئازادی زۆرینە دەباتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر پارتیش دەنگی نزیک لەو دەهێنن. ئەوان حکومەت لەگەڵ پارتی ئازادی پێکناهێنن و ترسمان هەیە ئەمەش وەک جاری رابردوو کارەساتی لێبکەوێتەوە."
27 لیست رکابەری لەسەر 150 کورسیی پەرلەمانەکە دەکەن.

بەگوێرەی دوایین راپرسی، پارتی ئازادی 20٪ی دەنگەکان دەباتەوە، هاوپەیمانیی گرۆنلینکس دووەم و پارتی بانگەوازی دیموکراتی مەسیحییش سێیەم دەبن.
چاوەڕوان دەکرێ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هاوپەیمانییەکی سێ پارتی یان زیاتر بێ.
ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە هۆڵەندا رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکات. لە بنکەیەکی دەنگدان لە ئەمستردام رایگەیاند، لە کاژێر 07:30 خولەکی بەیانییەوە بنکەکانی دەنگدان کراونەتەوە. بەهۆی ئەوەی کە رۆژی کارکردنە، بنکەکانی دەنگدان چۆڵترن. بنکەکانیش تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو کراوە دەبن.
بە گوێرەی نووسینگەی ئاماری هۆڵەندا، 18 ملیۆن کەس لەو وڵاتە دەژین و 75٪یان مافی دەنگدانیان هەیە.
دەنگدانەکە بە گوتەی ئاڵا شاڵی بۆ ئەڵمانیا و ئەورووپاش گرنگە، چونکە لە دوو ساڵدا، ئەمە دووەم جارە هەڵبژاردن لە هۆڵەندا دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانییە چوار پارتەکەی ئەو وڵاتە شکستیان هێنا.
50 هەزار هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی و هاونیشتمانیی خەڵکی باشووری کوردستان لەو وڵاتە هەن. هەروەها، 150 هەزار سووریایی و هاونیشتمانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، 52 هەزار هاووڵاتیی ئێرانی و هاونیشتمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و 450 هەزار هاووڵاتیی تورکی و هاونیشتمانی خەڵکی باکووری کوردستان لەو وڵاتەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی میدیای هۆڵەندا، پارتی ئازادی کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەرە 20٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانی گرۆنلینکس کە لە پارتەکانی کار و سەوزەکان پێکهاتووە 16.1٪ی دەنگەکان و پارتی بانگەوازی دیموکراتی مەسیحی 16٪ی دەنگەکان دەبەنەوە. هەروەها پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسیش 10٪ی دەنگەکان دەباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ