ئەنجامی بەرایی: پارتی دیموکراتی 66 زۆرترین دەنگی پەرلەمانی هۆڵەندای بەدەستهێنا

29-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بڵاویکرایەوە و (پارتی دیموکراتی 66) زۆرترین کورسی بە دەستهێنا، کە 27 کورسییە. لە دوای ئەو پارتی ئازادی دێت کە 25 کورسی بردەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، (پارتی دیموکراتی 66) لە کۆی 150 کورسی پەرلەمانی 27 کورسی بردەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی 2023، 18 کورسی زیاد کردووە. 
 
پارتی دیموکراتی 66 پارتێکی راستڕۆی میانڕۆیە. 
 
لەدوای ئەو پارتە، پارتی ئازادی 25 کورسی بردەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 12 کورسی کەم کرد. پارتەکە بە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆی دژەکۆچبەر دادەندرێت. 
 
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی سێیەمی هەڵبژاردنەکە بوو و 23 کورسی پەرلەمانی بردەوە. بەراورد بە هڵبژاردنی پێشووی کورسییەکیان کەمکرد. پارتەکە بە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆ دادەندرێت. مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ یەکێکە لە سەرکردەکانی پارتەکە. 
 
هاوپەیمانیی گرۆنلینکس 20 کورسی پەرلەمانی بردەوە کە پێنج کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمترە. هاوپەیمانییەکە لە یەکگرتنی پارتی کار و پارتی سەوز دروست بووە. کە پارتی چەپڕۆی میانڕۆ دادەندرێن. 
 
پارتی بانگەوازی دیموکراتی کرسیتیان 19 کورسی بردەوە کە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 14 کورسی زیادکرد. پارتەکە بە پارتێکی راستڕۆی میانڕۆ دادەندرێت. 
 
پێکهێنانی حکومەت لە هۆڵەندا پێویستی بە 76 کورسی هەیە، بەم پێیە پێویستە لانیکەم چوار پارت هاوپەیمانی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئەمە لە کاتێکدا بەرپرسانی بەشێک لە پارتە براوەکان پێش هەڵبژاردن رایانگەیاند، کە حکومەت لەگەڵ پارتی ئازادی پێکناهێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە