رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی پاکستان هۆشداریی دایە ئەفغانستان هەر "هێرشێکی چەکداری یان خۆکوژی"ی نوێ لەسەر خاکی پاکستان، وەڵامێکی تووندی دەبێت. ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئیستەنبووڵ بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی شکستیان هێنا.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سوپای پاکستان رایگەیاند، "هێرشمان کردە سەر بنکەکانی تاڵیبانی پاکستان لە خاکی ئەفغانستان." لە هێرشەکەدا دەیان کەس کوژران کە پاکستان بە "یاخیبوو" وەسفی کردبوون.
لە بەرامبەردا ئەفغانستان رایگەیاند، کوژراوەکان سڤیل بوون و هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی پاکستان و گوتی، 58 سەربازی پاکستانی کوژراون. سوپای پاکستان دەڵێت 23 سەربازی لەدەستداوە.
دوای ئەوە، هەردوولا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتن کە لە 19ـی تشرینی یەکەم لە دەوحە بە نێوەندگیریی چەند وڵاتێک کرا، دواتر چوار رۆژ گفتوگۆیان لە ئیستەنبووڵ کرد کە بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە حکومەتی ئەفغانستانی گوت: "هەر هێرشێکی چەکداری یان خۆکوژی لەنێو پاکستاندا، تامی تاڵی ئەو سەرکێشییانەتان پێ دەچێژێت."
کابوول هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی لەسەر شکستی گفتوگۆکان و قسەکانی ئاسیف نەداوە، بەڵام تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەفغانستان (RTA) رایگەیاند، دانوستاندنەکان بەهۆی "داواکارییە نالۆژیکییەکانی" پاکستانەوە گیریان خواردووە.
بەپێی RTA، ئیسلامئاباد داوای گەرەنتی کردووە کە هیچ هێرشێک لە خاکی ئەفغانستانەوە ناکرێت، لە کاتێکدا شاندی ئەفغانستان رایانگەیاندووە، تاڵیبانی پاکستان کێشەیەکی ناوخۆیی ئیسلامئابادە.
ئاسیف: دەتوانین رژێمی تاڵیبان بە تەواوی لەناوبەرین
ئاسیف لە پۆستێکی توونددا کابوولی بە "پاڵنانی کوێرانەی ئەفغانستان بۆ نێو ململانێیەکی دیکە" تۆمەتبار کرد و گوتی: "با دڵنیایان بکەمەوە کە پاکستان پێویستی بە بەکارهێنانی تەنانەت بەشێکی بچووکی کۆی چەکەکانیشی نییە بۆ لەناوبردنی تەواوەتیی رژێمی تاڵیبان و پاڵنانیان بۆ نێو ئەشکەوتەکان بۆ خۆشاردنەوە."
سەرەڕای شکستی گفتوگۆکان، ئاگربەستەکە هێشتا بەرقەرارە و هیچ پێکدادانێکی نوێ لەسەر سنوور رووینەداوە. هەردوو وڵات هەموو دەروازە سەرەکییەکانیان داخستووە، کە بووەتە هۆی گیرخواردنی سەدان بارهەڵگر و پەنابەر.
ئاسیف بە رۆژنامەڤانانی ئیسلامئابادی گوت، مەرجی کردنەوەی سنوور، گەرەنتیی کابوولە کە خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان بەکارناهێنێت و رایگەیاند: "پاکستان دەستی دەگاتە قووڵایی ئەفغانستان."
لە دەروازەی سنووریی چەمەن لە پاکستان، سەدان خێزانی پەنابەری ئەفغانی و بازرگان نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شکستی گفتوگۆکانەوە دەربڕی. عەجەب خان، پەنابەرێکی ئەفغانستانییە گوتی: "ئێستا دەگەڕێینەوە ئەفغانستان، بەڵام دۆخێکی ترسناکە. نازانین چۆن لەوێ دەژین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ