رووداو دیجیتاڵ
رووسیا گەورەترین هەناردەکاری نەوتە بۆ هیندستان، بەڵام واشنتن گوشار لە نیودەولهی دەکات هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە رابگرێت، بۆیە هیندستان بیر لە سەرچاوەی جێگرەوە دەکاتەوە، کە یەکێکیان نەوتی بەسرەیە.
بەگوێرەی رۆیتەرز، هیندستان رۆژانە 4.88 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات، کە 40٪ی لە رووسیاوەیە، واتە یەک ملیۆن 952 هەزار بەرمیل.
هەر بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، رۆژانە نزیکەی 970 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق دەکڕێت. سعودیە و ئەمریکاش سێیەم و چوارەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتن بۆ هیندستان.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەت و کەرتی نەوتی هیندستان کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە، دوو جێگرەوەی دەستبەجێ بۆ نەوتی رووسیا بۆ هیندستان هەن، ئەوانیش نەوتی بەسرە و رۆژئاوای تێکساسن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەمریکا گوشارەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتانە زیاتر کردووە بازرگانی لەگەڵ رووسیا دەکەن یان نەوت لەو وڵاتەوە هاوردە دەکەن. دیارترین ئەو وڵاتانەش چین و هیندستانن.
بەرپرسانی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە، ئەگەر هیندستان دەست لە کڕینی نەوتی رووسیا هەڵنەگرێت، سزا و پێناسی گومرگی بە رێژەی بەرز بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.
رووسیا نەوتەکەی هەرزانفرۆش دەکات
دوای دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ژمارەیەک سزایان بەسەر کەرتی نەوتی رووسیادا سەپاند. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سزایانە و راکێشانی سەرنجی وڵاتان، بەتایبەت چین و هیندستان، مۆسکۆ بە 10٪ هەزرزانتر لە نرخی بازاڕ، نەوت بەو دوو وڵاتە دەفرۆشێت.
هەرچەندە بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەتایبەت کەرتی نەوت نەیتوانیوە زیانێکی وەهایان پێبگەیێنێت، بەڵام بەگوێرەی سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە واشنتن دی سییە، تەنیا پار سزاکانی سەر کەرتی نەوتی رووسیا زیانی لانیکەم 100 ملیار دۆلاریی لە ئابووری ئەو وڵاتە داوە.
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ئێستا رووسیا رۆژانە 4.78 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. ئەمە بەشێکی بەهۆی سزاکانەوەیە ئەگەرنا توانای رووسیا بۆ هەناردەی نەوت زۆر لەوە زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ