رووداو - نیویۆرک
12یەمین کۆڕبەندی پێکهاتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداردەبن. مژاری سەرەکیی کۆڕبەندەکە زمان و فەرهەنگ و سەرنجخستنە سەر کێشە و گرفتەکانی پێکهاتەکانی وڵاتانە.
نوێنەری رێکخراوە کوردییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بارەگاکانیان لە ئەوروپایە، لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن کە زۆرترینیان کوردانی ئێزدیی باشوور و رۆژئاوای کوردستانن.
ئازاد سهڵهواتی، چالاكڤانی مهدهنیی رۆژههڵاتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەرفەت هەیە کە باسی هەموو بابەتەکان بکەین، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە بابەتە سەرەکییەکانی وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافی خوێندن بە زمانی دایک و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و مافی کوردان لە ئێران بەرباس بکەین".
حهڤده رێکخراو بەشدارن کە نیوە کەمتریان هاونیشتیمانیی ئێزدیی باشوور و رۆژئاوای کوردستانن.
حهسۆ هۆرمی، چالاكڤانی مهدهنیی باشووری كوردستان رایگەیاند "تاوەکو ژمارەی رێکخراوە کوردییەکان لێرە زیاتر بێت و هاوئاهەنگی لەنێوانماندا بێت، دەتوانین هێزمان زیاد بکەین. ئێمە حەوت رێکخراوی ئێزدیین کە لێرە ئامادەین".
نهژبیر، چالاكڤانی مهدهنیی رۆژئاوای كوردستان لە گوتەیەکیدا بۆ رووداو ئاماژە بەوە دەکات "پێویستە دەنگی خەڵکی خۆمان بە دەوڵەتە مەزنەکان بگەیەنین. بۆئەوەی ئەو هێزانە بزانن چی لە وڵاتی ئێمەدا دەگوزەرێت و بزانن چۆن دەتوانن یارمەتیمان بدەن".
محەممەد میرۆ، یاساناسە و ئەندامی رێکخراوێکی یاساییە و بەر لەوەی کۆمەڵەی مافی کەمەنەتەوایەتی دروستبکرێت، بەشداریی کۆبوونەوەکانیانی کردووە. ئەو بە گرنگی دەزانێت کوردان بەردەوام بەشداری ئەو کۆڕبەندە بن.
محهممهد میرۆ، یاساناسی رۆژئاوای كوردستان بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند "گرنگە کە ساڵانە رێکخراوە کوردییەکان لەم کۆڕبەندەدا ئامادەبن و دەنگی خۆیان بگەیەنن، چونکە هەر رێکخراوێکی کوردی نامەی خۆی پێشکێشدەکات و ئەوەش وەک سەرچاوەیەک لە ماڵپەڕی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاوپێچ دەکرێت. ئەمساڵ گرنگییەکە لەوەدایە کە چەند رێکخراوی کوردی ئامادەن و دەتوانن کاریگەریی هێرشی تورکیا لەسەر رۆژئاوای کوردستان بخەنە روو".
لە باشووری کوردستانیشەوە بەشداربوو هەن، بەڵام خەمی ئەوان لە هی ناوچەکانی دیکە جیاوازە.
كاردۆ سهرباز، چالاكڤانی مهدهنیی باشووری كوردستان بە رووداوی راگەیاند "ئێمە هەموو ساڵێک بەشداریمانکردووە. هەر ساڵەی پەیامێکمان داوە. بۆ نموونە پار باسی داعش و تیرۆر دژ بە کوردان بوو. ئەمساڵ بابەتێکی دیکەیە لەسەر زمان و فەرهەنگ و رادەی ئازادیی زمان و فەرهەنگ لەو وڵاتانەدا کە کەمەنەتەوایەتییەکانیان تێدایە، بەتایبەت لە عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا".
کوردانی باکوور کە ژمارەیەکی زۆریان لە ئەوروپا و دەرەوەی وڵاتن، لەم کۆڕبەندەدا ژمارەیان زۆر کەمە.
کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەریان نییە، چونکە وڵاتی سەربەخۆیان نییە، بەڵام لە رێگەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بە بەردەوامی هەوڵدەدەن دەنگی خۆیان و ئەو سەرپێچییانەی لە دژیان دەکرێن لەو وڵاتانەی تێیاندا بوونەتە بەشێکی زۆرینە، بە ناوەندە بڕیارسازەکانی دنیا بگەیەنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ