رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و فڕۆکەوانان کە ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە "داخراو" دابنێن و پێیدا نەڕۆن، ئەوەش لەکاتێکدایە گرژییەکان لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا تووندتر دەبن.
رۆژی شەممە، ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند: "بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان، فڕۆکەوانان، بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانانی مرۆڤ: تکایە ئاسمانی ڤەنزوێلا و دەوروبەری بە تەواو داخراو دابنێن."
هاوکات پێگەی فڵایت رادار 24 کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی فڕۆکەوانی، ئێوارەی ئەمڕۆ نیشانیدا ئاسمانەکە بە تەواوی چۆڵ بووە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، هەواڵگریی ئەمریکا چەندین شوێنی قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەری لە نێو ڤەنزوێلا و کۆڵۆمبیادا دەستنیشان کردوون بۆ ئەوەی هێرشیان بکرێتەسەر.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، رەنگە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە سەربازی و نەوتییەکانی ڤەنزوێلا بۆ لاوازاکردنی حکومەتی ئەو وڵاتە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، شوێنی دروستکردنی مادەی هۆشبەر، "ئامانجی سەرەکی"ـی ئەمریکا دەبن لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆ نێو خاکی ڤەنزوێلا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ڤەنزوێلا چڕکردوونەتەوە و هێزێکی زۆری لە دەریای کاریبی بڵاوەپێکردووە، لەنێویاندا گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان.
واشنتن جەخت دەکاتەوە ئامانجی جێگیرکردنی ئەو هێزە سەربازییانە رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر بۆ ئەمریکا، بەڵام کاراکاس دەڵێت، ئامانج لێی رووخاندنی دەسەڵاتی مادورۆ و دەستگرتنە بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن، هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە 20 کەشتی و بەلەم کە گومانی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەریان لێدەکرا؛ بەهۆیەوە زیاتر لە 80 کەس کوژراون.
واشنتن هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە روو کە بیسەلمێنێت ئەو ئامانجانە بۆ بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر بەکارهاتوون یان مەترسی بوون بۆ سەر ئەمریکا. بەهۆی ئەو بۆردوومان و کۆکردنەوەی هێزەشەوە، گرژییەکان لە ناوچەکە روو لە زیادبوونن.
هەفتەی رابردوو دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئەمریکا داوای لە فڕۆکە سڤیلەکان کرد ئاسمانی ڤەنزوێلا بەکارنەهێنن بەهۆی "خراپبوونی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی جموجووڵی سەربازی لە ڤەنزوێلا و دەوروبەری".
ئەو هۆشدارییە وایکرد شەش هێڵی ئاسمانی کە بەرپرسن لە زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکای باشوور، گەشتەکانیان بۆ ڤەنزوێلا رابگرن.
ئەم هەنگاوە کاراکاسی تووڕەکرد و مۆڵەتی کۆمپانیاکانی ئیبیریا، تاپ، ئاڤیانکا، لاتام، گۆڵ و تورکیش ئێیەرلاینزی هەڵوەشاندەوە، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە تیرۆری دەوڵەت کە حکومەتی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات لە رێگەی راگرتنی تاکلایەنەی گەشتە بازرگانییەکان".
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو ترەمپ و مادورۆ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسیان لە ئەگەری کۆبوونەوەیەک کردووە لە ئەمریکا.
راپۆرتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دوای ئەوە هات کە رۆژێک پێشتر سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەڕێگەی وشکانیش رێگری لە بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر دەکات، ئەوەش گرژییەکانی لەگەڵ کاراکاس زیاتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ