رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی یەکەی سەربازیی دانیپەری رووسیا دەڵێ، سەرۆکی وڵاتەکەی فەرمانی پێکردوون تەواوی هەرێمی زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکەن. ئێستا رووسیا نزیکەی 75٪ی هەرێمەکەی کۆنترۆڵکردووە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، میخایل تیپلینسکی، فەرماندەی هێزی سەربازیی دانیپەری رووسیا رایگەیاند، بە تەلەفۆن بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە 15 کیلۆمەتر لە شاری زاپۆریژیای پایتەختی هەرێمی زاپۆریژیای ئۆکرایناوە دوورن، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 700 هەزار کەسە.
تیپلینسکی دەڵێ، پووتین گوتویەتی: "تێدەگەین و ئاگادارین کە دووژمن ساڵانیکی زۆرە ئامادەکاری بۆ بەرگری دەکات و دەزانین کە دۆخەکە چەندە لەوێ سەختە، بەڵام هەر چۆنێک بێت کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانتان و رووبەڕووبوونەوەیان بکەن".
بە قسەی ئەو فەرماندەیە، پووتین ئاماژەی بەوەش کردووە: "گرنگە کە بەردەوام بن لە هێرشەکانتان و لەگەڵ یەکەی رۆژهەڵات یەکبگرن و تەواوی زاپۆریژیا ئازاد بکەن".
گوتەکانی سەرۆکی رووسیا لە کاتێکدان، ئەمریکا بەردەوامە لە نێوەندگیری کیێڤ و مۆسکۆ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
بە گوێرەی سوپای رووسیا، تاوەکو ئێستا توانیویانە 6 هەزار و 640 کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکراینا کۆنترۆڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ