رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لێپرسینەوە لە هەر "رێکخراوێک" دەکەن کە بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر سەرباز، راوێژکارانی سەربازی و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی سێشەممە 30-1-2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەبارەی بڕیاری کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق بۆ راگرتنی کردە چەکدارییەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "لێرەوە وەڵامی ئەو راگەیێندراوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەمەوە. دەڵێم، هەروەک چۆن پێشتریش گوتوومە، ئێمە هەر رێکخراوێک بە بەرپرس دەزانین کە بۆمان دەربکەوێت بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لە ناوچەکەدا".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقەوە هەیە، ماتیو میڵەر گوتی، "ئەوەی کە پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئاماژەمان بەوە کردووە کە دەمانەوێت حکومەتی عێراق کاری زیاتر بکات، لێکۆڵینەوە لەوانە بکات کە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان، دەستگیریان بکات و دادگەییان بکات".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو شت بۆ حکومەتی عێراق جێناهێڵن، بەڵکو "خۆیشمان هەنگاو دەنێین بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان".
وەڵامی ئەو پرسیارە لەکاتێکدایە، ئەمشەو کەتایبی حیزبوڵڵای عێراق بڵاویکردەوە، هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رادەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ