رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو پێنجشەممە، لەسەر سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و بڵاوکردنەوەی رق و کینە، دادگەیی بکرێت، بەڵام لە پەخشێکی راستەوخۆی تیکتۆکدا لە شوقەکەیدا لە شاری سودەرتالیای سوێد تەقەی لێکرا و کوژرا.
سەلوان مۆمیکا، کە کرستیانێکی عێراقیی تەمەن 38 ساڵان بوو، لە ساڵی 2023 چەند جارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند، کە سەرکۆنەی تووندی وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامیشی لێکەوتەوە.
چەند کاژێرێک پێش کوژرانی، سەلوان ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە: "من پەشیمان نیم. شانازی بە خۆمەوە دەکەم. شانازی بەو کارەوە دەکەم کە کردوومە. دەبێت هەموو مرۆڤێک ئامادەبێت لە پێناو بیرکردنەوە و بنەماکانی بمرێت و قوربانی بدات."
تاوەکو ئێستا پێنج کەس لەسەر کوژرانی مۆمیکا دەستگیرکراون، بەڵام پۆلیسی سوێد وردەکاریی ئاشکرانەکردووە.
ئۆلف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت: "هێشتا زۆر زووە بزانین ئەمە چ واتایەکی بۆ ئاسایش دەبێت، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی پۆلیس و دەزگە ئەمینییەکان لەبارەی هاندەرەکەوە بە چی دەگەن. دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە کە دەزگە ئەمنییەکان بە قووڵی سەرقاڵی ئەم بابەتەن چونکە مەترسی هەیە پەیوەندیی بە هێزێکی دەرەکییەوە هەبێت."
ئەگەرچی خۆی پەناخواز بوو، سەلوان مۆمیکا کە عێراقییەکی کریستیان بوو، بیری راستڕۆی تووندڕۆی هەبوو و بە تووندی دژی ئەوە بوو سوێد و وڵاتانی ئەورووپا پێشوازی لە پەناخوازانی موسڵمان بکەن، چونکە پێیوابوو ئیسلام ئایینی "تیرۆرە".
دوای کوژرانی، دادگەی سوێد بڕیاریدا دادگاییکردنەکەی دوابخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ