رووداو دیجیتاڵ
چەکدارێک لە شارۆچکەیەکی هۆڵەندا چەند کەسێکی بە بارمتە گرتووە، تائێستا پۆلیس چەکدارەکەی دەستگیر نەکردووە و دەڵێت، "هێشتا دیار نییە رووداوێکی تیرۆریستی بێت." پۆلیس توانیویەتی سێ لەو بارمتانە ئازاد بکات.
بەیانیی رۆژی شەممە 30-03-2024 چەکدارێک لە شارۆچکەی ئێیدە سەر بە پارێزگای گێڵدەرز چەند کەسێکی بە بارمتە گرت. میدیای هۆڵەندا دەڵێت، "رووداوەکە لە باڕی پێتی کۆوت لە سەنتەری ئێیدە روویداوە."
پۆلیسی ناوچەکە کە گەمارۆی باڵەخانەکەیان داوە دەڵێن، "سێ بارمتەمان رزگار کردوون، هێشتا دۆخەکە ئارام نەبووەتەوە، تائێستا هیچ هۆکارێک نییە بڵێین رووداوەکە تیرۆریستییە."
میدیای هۆڵەندا ئاماژەی بەوە داوە، "چەکدارەکە چەک و تەقەمەنیی پێیە."
پۆلیسی ئێیدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە سەنتەری شارۆچکەی ئێیدە، چەند کەسێک لەنێو باڵاخانەیەک بە بارمتە گیراون."
تائێستا بە فەرمی ژمارەی بارمتەکان رانەگەیێندراوە، بەڵام چەند میدیایەکی هۆڵەندا ئاماژە بە چوار یان پێنج کەس دەکەن.
پۆلیس دەڵێت توانیویانە ناوچەکە لە خەڵک چۆڵ بکەن، 150 کەس لەو شوێنە دووربخەنەوە و سەنتەری شارۆچکەی ئێیدە دابخەن.
شارەوانیی ئێیدە لە وێبسایتی خۆی بڵاویکردەوە، "چەند شارەزایەکی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بە یاوەریی پۆلیس لە ناوچەکە هەوڵی رزگارکردنی بارمتەکان دەدەن و وێستگەی شەمەندەفەری ناوچەکەش داخراوە."
هۆڵەندا چەند هێرش و رووداوێکی "تیرۆریستی" بەخۆیەوە بینیوە. لە 2019 لە شاری ئوترێخت لە نێو ترامێکدا چەکدارێک تەقەی هەڕەمەکی کرد و چوار کەس کوژران. دواتر پیاوێکی بە رەچەڵەک تورک بە تۆمەتی تەقەکردنەکە دەستگیرکرا.
هەر لە 2019 پۆلیسی هۆڵەندا دوو گومانلێکراوی "جیهادیی" بە تۆمەتی "پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی بە بەکارهێنانی بۆمب" دەستگیرکرد.
لە 2018، پیاوێکی ئەفغانستانی بە ناوی جاوید بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو گەشتیاری ئەمریکی و دواتر رایگەیاند: "ویستم پێغەمبەر محەممەد بپارێزم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ