رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و چەند کەسێکی بریندارکرد. پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە بە ئەنقەست نەبووە و شوفێرەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
رۆژی چوارشەممە 30-04-2025 پۆلیسی دانیمارک رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر پردی کوین لویز بووە.
بەگوتەی پۆلیس، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە پیاوێکی بەساڵاچووە و کۆنترۆڵی لێخوڕینەکەی لەدەست دەرچووە.
دەزگە فریاگوزارییەکان دەڵێن، تاوەکو ئێستا برینداربوونی پێنج کەس پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام دۆخی تەندروستییان هێشتا نەزانراوە. پۆلیس گەیشتووەتە پردەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
چەند شایەتحاڵێک گوتیان، بینیویانە ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی خۆی بەنێو کۆمەڵێک کەسدا کرد کە لە شوێنی چاوەڕوانیدا لەسەر شۆستەکە دانیشتبوون. "کەسێک دڵی وەستا، تیمە فریاگوزارییەکان بووژانەوەی دڵیان بۆ کرد و بەهۆش خۆی هاتەوە."
جگە لە پۆلیس، ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەش بە زوویی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و داوایان لە خەڵک کرد خۆیان لەو شوێنە بەدوور بگرن.
تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی دیکەی لەسەر شوفێرەکە بڵاونەکردەوە.
دوایین رووداوی هاوشێوە سێ رۆژ لەمەوبەر بوو لە کەنەدا. شەوی شەممە، (دەوروبەری کاژێر 8:00ـی بەیانی یەکشەممە 27ی نیسان بەکاتی هەولێر)، لە شاری ڤانکوڤەری رۆژئاوای کەنەدا؛ کەسێک بە ئۆتۆمبێل خۆی بەنێو فێستیڤاڵێکدا کرد و چەندین کەسی بە ئۆتۆمبێلەکەی شێلا.
ستیڤ رای، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڤانکوڤەر گوتی، کەسێکی تەمەن 30 ساڵ بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئاودیی رەش، کە مێژوویەکی درێژی لە "نەخۆشیی دەروونی" هەیە، خۆی بە نێو خەڵکدا کردووە. لە رووداوەکەی کەنەدا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و چەندینی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ