رووداو دیجیتاڵ
هەردوو وڵاتە زلهێزە نەیارە ئاسیاییەکە، جارێکی دیکە یەخەی یەکدییان گرتووەتەوە و خەریکە تووشی جەنگێکی مەترسیدار دەبن. ئێستا سوپای هەردوولایان وەکو جاران نییە و سەرەڕای سوپا ملیۆنییەکانیان، خاوەن چەکی وێرانکەری ئەتۆمیشن.
بەرپرسانی پاکستان دەڵێن: هیندستان پلانی داناوە لە ماوەیەکی نزیکدا هێرش بکاتە سەریان. لە بەرامبەریشدا هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان دەکەن.
سەرهەڵدانی کێشە و ناکۆکییەکانی ئێستایان
پەهلگام (Pahalgam) ناوەندێکی گەشتیارییە لە کشمیر و کەوتووتە باکووری هیندستان و لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەڕێوەدەبرێت. پەهلگام دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ ئەشکەوتی پیرۆزی ئەمارناتی هیندۆسەکان. لەبەر نزیکی لە سنووری پاکستان، گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.
رۆژی 22ـی نیسانی 2025، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ئەو ناوچەیە 26 کەس کوژران؛ هیندستان دەستی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژکرد.
هیندستان: پاکستان دەیەوێ هێرش بکاتە سەرمان
30ـی نیسانی 2025، عەتائوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی هیندستان رایگەیاند، "پاکستان زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان دەیەوێت رووداوەکەی پەهلگام وەکو بیانوویەکی ناڕاست بەکاربهێنێت و لە ماوەی 24 بۆ 36 کاژێری داهاتوودا هێرشێکی سەربازی بکات."
لێدوانەکەی عەتائوڵڵا تارار دوای ئەوە هات کە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان رۆژی پێشتر کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ بەرپرسانی سوپا کرد و سوپای سەرپشک کرد لەوەی لە کشمیر ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکەن.
وەزیری راگەیاندنی پاکستان دەڵێت، "وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدرێتەوە. هیندستان بەرپرسیارێتی هەر ئەنجامێکی لە ناوچەکە دەکەوێتە سەر شان."
لە سنوور تەقەیان لە یەکدی کردووە
رۆژی 29ـی نیسان، سوپای هیندستان رایگەیاند، لە ناوچە سنوورییەکانی کشمیر لەگەڵ سوپای پاکستان تەقەیان لە یەکدی کردووە.
سوپای پاکستان تەقەکردنەکەی پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام رادیۆی ئیسلامئاباد کە سەر حکومەتی پاکستانە رایگەیاند، درۆنێکی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی پاکستانی بەزاندبوو.
دروستبوونی ئەو دۆخە لە کاتێکدایە، وڵاتانی جیهان، لە چینی دراوسێوە تاوەکو ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن و داوا لە دوو دراوسێ خاوەن چەکی ئەتۆمییەکە دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن.
توانای سەربازیی هیندستان و پاکستان
بەگوێرەی ماڵپەڕی گلۆبەڵ فایەر پاوەر، هیندستان خاوەنی چوارەم گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا لە رووی ژمارەی سەربازانە و بودجەی سەربازی ساڵانەی نزیکەی 70 ملیار دۆلارە. لە ساڵانی دواییدا، هیندستان بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵی داوە پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستێت لە پیشەسازی سەربازیدا.
- 1.4 ملیۆن سەربازی چالاک
- 1.1 ملیۆن سەربازی یەدەگ
چەکی ناوەکی
- 172کڵاوەی ئەتۆم
- 730 فڕۆکەی جەنگی
- جۆری فڕۆکەکان Rafale، Su-30MKI، Mirage 2000
- 156 کەشتی و ژێردەریایی
- 2 کەشتی فڕۆکەهەڵگر
- 3740 تانک، دیارترینیان جۆری (ئارجون)ـە کە دروستکراوی خۆیانە
پاکستان بە یەکێک لە هێزە سەربازییە بەهێزەکانی ناوچەکە دادەنرێت و لە ریزبەندی جیهانیدا لە پلەی 12دا دێت.
توانای سەربازیی پاکستان بەمجۆرەیە:
- 654،000 سەربازی چالاک
- 550،000 سەربازی یەدەگ
چەکی ناوەکی
- 165-170 کڵاوەی ئەتۆم
- 452 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی JF-17 و F-16
- 100 کەشتی و ژێردەریایی
- 2537 تانک، دیارترینیان جۆری (ئەلخالید)ـە کە دروستکراوی خۆیانە
چین: هیندستان و پاکستان رۆژانە تەقە لە یەکدی دەکەن
چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سنووری هاوبەشی لەگەڵ هیندستان و پاکستان هەیە، لە خاکی هەرێمی کشمیریش، پشکێکی داگیرکردووە کە نزیکەی 15٪ـی هەرێمەکەیە.
گوۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینە، لەبارەی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە قسەی کرد و رایگەیاند، "هیندستان و پاکستان دوو وڵاتی گرنگی باشووری ئاسیان. بەیەکەوەژیانیان گرنگە بۆ ئاشتی، سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەشڵێت، "وەکو دراوسێیەکی هیندستان و پاکستان، چین داوای دانبەخۆداگرتن لەهەردوولا دەکات".
گرژییەکان، ئەمریکاشی وەدەنگ هێنا. تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت: "سەبارەت بە دۆخی کشمیر و پەیوەندی هیندستان و پاکستان، لەگەڵ هەردوولا لە پەیوەندیداین و پێیاندەڵێین دۆخەکە ئاڵۆزتر مەکەن."
کێشەی کشمیر و سەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکان
کشمیر لە ساڵی 1947وە لەنێوان هیندستان و پاکستانەوە دابەشکراوە. لەو کاتەوە کشمیرییەکانی هیندستان تێدەکۆشن بۆ جیابوونەوە لە هیندستان و یەکگرتنەوە لەگەڵ کشمیرییەکانی پاکستان. هیندستان نزیکەی 500 هەزار سەربازی بە هەمیشەیی لە کشمیر جێگیرکردووە.
کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە. هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، پاکستان 30٪ و چینیش 15٪ی داگیرکردووە.
پاکستان داوای کردووە کێشەی کشمیر لە رێگەی گشتپرسییەکی تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چارەسەر بکرێت و رێگە بە خەڵکی هەرێمەکە بدرێت دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ